راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عیراق هەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەكاتەوە كە باس لە پێدانی پارە دەكەن بە ئێران لە بەرامبەر پەڕینەوەی كەشتییە نەوتییەكانی وڵاتەكەی لە گەرووی هوورمز.
قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عیراق، لە هەژماری رەسمی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس ڕایگەیاند، ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەكەن عیراق پارەی پەڕینەوەی كەشتییە نەوتییەكان دەداتە ئێران، دوورن لە ڕاستییەوە. ئەعرەجی ئاشكرای كرد، پێشتر حكومەتی ئێران، عیراقی لە لیستی ئەو وڵاتانە دەركردووە كە ڕێوشوێنەكانی وەرگرتنی باج و گومرگ لە گەرووی هوورمز دەیانگرێتەوە.
هاوكات لەگەڵ ئەم لێدوانانە، پڕۆسەی هەناردەكردنی نەوت بەردەوامیی هەیەو لە نوێترین جووڵەدا، كەشتییەكی گواستنەوەی نەوتی چینی لە بەندەرەكانی پارێزگای بەسڕە توانیویەتی بڕی دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی عیراق بار بكات و بەبێ كێشە بەرەو جێگەی مەبەست بەڕێ بكەوێت.