بیتكۆین نیوەی نرخەكەی لەدەستداوە بەردەوامیی گرژییە سەربازییەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا بازاڕی دراوە دیجیتاڵییەكانی هەژاندووە و بیتكۆین وەك بەهێزترین دراوی كریپتۆ، لە ماوەی یەك مانگدا 25%ـی بەهاكەی لەدەستداوە.
نرخی یەك بیتكۆین لە جیهاندا بەڕێژەی 5% دابەزینی نوێی تۆماركرد و گەیشتە 60 هەزار دۆلار. ئەم دابەزینە لەكاتێكدایە كە تەنیا لە ماوەی یەك مانگدا نرخی دراوەكە لە 68 هەزار دۆلارەوە بۆ 60 هەزار دۆلار دابەزیووە. بەپێی داتا داراییەكان، بەهای بیتكۆین لە ئێستادا 52.3% لە خوار بەرزترین ئاستی مێژوویی خۆیەوەیەتی كە لە تشرینی یەكەمی 2025 تۆماری كردبوو و گەیشتبووە 126 هەزار دۆلار.
لە ماوەی سێ مانگی جەنگی نێوان واشنتۆن و تاراندا، یەك بیتكۆین 18 هەزار دۆلار لە نرخەكەی كەمبووەتەوە، بە جۆرێك لە 78 هەزار دۆلارەوە بۆ 60 هەزار دۆلار دابەزیووە.
هۆكارە سەرەكییەكانی ئەم دابەزینە بۆ بەردەوامیی ئاڵۆزییەكان، پرسی داخستن یان سنوورداركردنی گەرووی هوورمز بەڕووی كەشتیوانیی جیهانی و بەردەوامیی گەمارۆ دەریاییەكان دەگەڕێتەوە، كە كاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر بازاڕەكان دروست كردووە.