بڕیارێكی بەغداد ئاستەنگ بۆ بازرگانانی هەرێم دروست دەكات

کوردستان 11:00 AM - 2026/06/06

 بڕیارێكی نوێی بەغداد كێشە بۆ پڕۆسەی حەواڵەی دەرەكیی كۆمپانیاكانی هەرێمی كوردستان دروست دەكات و ناچاریان دەكات دووجار باج بدەن و لە ناوەند خۆیان تۆمار بكەن.

لە دوای یەكی حوزەیرانی ئەمساڵەوە، حكومەتی عیراق مەرجێكی نوێی بەسەر كۆمپانیاكانی هەرێمی كوردستاندا سەپاندووە.

بەپێی بڕیارەكە، هیچ كۆمپانیایەك ناتوانێت حەواڵەی دەرەكی و ناردنی پارە لە ڕێگەی بانكەكانەوە ئەنجام بدات، مەگەر راپۆرتی ژمێرەی كۆتایی لەلایەن ئەنجومەنی ژمێریارانی عیراقەوە لە بەغداد پەسەند كرابێت.

ئەو هەنگاوە هاوتەریبە لەگەڵ جێبەجێكردنی سیستمی ئەسیكۆدا لە دەروازەكانی هەرێم.

ئەم بڕیارە ئەركێكی قورسی دارایی دەخاتە سەر شانی كۆمپانیاكانی هەرێم، چونكە ناچار دەبن ڕاپۆرتی ژمێرەی كۆتایی (وەرزی و ساڵانە) دووجار ئامادە بكەن.

بەوەش كۆمپانیاكان دەبێت دووجار باج بدەن؛ جارێك بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان و جارێكی دیكەش بۆ حكومەتی فیدراڵ لە بەغداد، ئەوەش تێچووی كاركردنیان بە شێوەیەكی بەرچاو زیاد دەكات. 

یەكێكی تر لە ئاستەنگەكانی بڕیارەكە ئەوەیە چیتر بانكەكان كار بە پەسەندكردنی ژمێریاری یاسایی هەرێمی كوردستان ناكەن.

كۆمپانیاكان ناچار دەكرێن لە بەغداد خۆیان تۆمار بكەن و تەنیا ژمێریاری یاسایی عیراقی ڕاپۆرتەكانیان بۆ پەسەند بكات، بەپێچەوانەوە پڕۆسەی وردبینی و حەواڵەكردنی پارەكانیان لە بانكەكاندا پەكدەخرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو