ڕاپۆرتێكی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریكی، تیشكی خستووەتەسەر یەكێك لە گرنگترین هۆكارەكانی چەقبەستوویی گفتوگۆكانی نێوان ئەمریكاو ئێران كە ئەویش پارەیە.
ئێران دەخوازێت نەختینەیەكی كاش بە خێرایی بەدەستبهێنێت كە بە ملیاران دۆلار دەخەمڵێنرێت، ئەوەش سەركێشییەكی سیاسیی گەورەیە بۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا، كە ساڵانێك ڕەخنەی لە ئیدارەی باراك ئۆباما سەرۆكی پێشووتری ئەمریكا دەگرت، بەوەی لەكاتی رێككەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 پارەیەكی زۆری بلۆككراوی ئێرانی ئازادكردووە.
بڕیاری ئازادكردنی پارە بلۆككراوەكانی ئێران، درناڵد ترەمپ دەخاتە دۆخی بەراوردكاری لەگەڵ ئیدارەكەی ئۆباما، ئەوەش لەكاتێكدایە پێش چەند مانگێك ترەمپ بەڵێنی دابوو ڕێككەوتنێكی زۆر باشتر لەوەی 2015 لەگەڵ ئێران دەكات، كە ساڵانێك ڕەخنەی لەو ڕێككەوتنە گرت و دواتر كە بووە سەرۆك لە خولی یەكەمدا لێی كشایەوە و پاساوەكەشی ئەوەبوو ڕێككەوتنەكە پارەی بۆ ئێران دابین كردووە.
لەمیانی دیبەیتی كێبڕكێی سەرۆكایەتی لە ساڵی 2016، ترەمپ بە هیلاری كلینتۆن ڕكارە دیموكراتەكەی كە ئەوكات وەزیری دەرەوە بوو دەوت، ئیدارەی ئۆباما وایكرد ئێران بەهێز بێت، ئەوەش لە رێككەوتنێكی گەمژانەدا ڕوویدا كە لە مێژوودا هاوشێوەی نەبووە.
ترەمپ لە درێژەی قسەكانیدا ئەوكات دەیوت، ئیدارەی ئۆباما ملیارێك و 700 ملیۆن دۆلاری ئێرانی ئازادكرد، كە ئەوەش پارەیەكی زۆرە و پڕ بەم هۆڵەیە.
بەڵام ئێستا ترەمپ كە سەرۆكی ئەمریكایە، خۆی كەوتووەتە هەمان گێژاوەوە، پێداگرە لەسەر ئەوەی لە جەنگی ئێران بكشێتەوە، دەسەڵاتدارانی ئێرانیش تینوون بۆ بەدەستهێنانی ئەو بڕە پارەیە بە خێرایی.
چەند هەفتەیەكە دانوستانی نێوان واشنتۆن و تاران لە ڕێگەی ناوبژیوانكارانەوە بەڕێوەدەچێت، هەردوولا پێشنیاز ئاڵوگۆڕ دەكەن، ترەمپ لە یەك كاتدا پێشبینی دەكات لەو جەنگە دەربچێت و هەڕەشەی ئەوەش دەكات جەنگەكە دەستپێدەكاتەوە ئەگەر ئێران لەگەڵ ئەمریكا نەگاتە رێككەوتن.
بۆ ئێران، بەدەستهێنانی ملیاران دۆلاری بلۆككراوی بەهۆی ئەو سزایانەی لەسەریەتی، یەكێكە لە داواكارییە بنەڕەتییەكانی بۆ هەر ڕێككەوتنێك، ئەو پارەیە دەبێتەهۆی فریاگوزارییەكی خێرا بۆ ئابوورییە ماندووەكەی بەهۆی جەنگ و گەمارۆوە.
ئێران پێشەكی داوای 12 ملیار دۆلار دەكات، لەماوەی 60 ڕۆژی ئاگربەستیشدا دەیەوێت 24 ملیار دۆلار وەربگرێتەوە، بەوەش رێككەوتنێكی مەبدەئی دەستپێدەكات بەپێی ئەو پێشنیازانەی هەردوولا ئاڵوگۆڕیان كردووە. بەڵام ئەمریكا پابەند بوون بە هەر پارەیەكی پێشەكی و دیاریكراو ڕەتدەكاتەوە، بەدووریشی دەزانێت سزاكان هەڵبگیرێت بەشێوەیەك ئێران بتوانێت لە رێگەی دەریاوە نەوت بفرۆشێت.
ئەو پارانەی ئێران كە لە دەرەوە بلۆككراون، بە نزیكەی 100 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت، بەڵام بەهۆی سزاكانی سەریەوە ئەستەمە بتوانێت بەبێ ڕێككەوتن بەدەستیان بهێنێتەوە.