دەستەی خانەنشینیی نیشتمانیی عیراق هەوڵەكانی بۆ هەمواركردنەوەی یاسای خانەنشینی دەستپێكردووە و، دەیەوێت سوود لە ئەزموونی فەرمانبەران وەربگرێت و بارگرانی سەر سندوقی خانەنشینی كەم بكاتەوە.
عەلا محەممەد كەریم بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی خانەنشینیی عێراق رایگەیاند، پێشنیارێكی رەسمییان ئاراستەی ئەنجوومەنی نوێنەران كردووە بۆ ئەوەی تەمەنی خانەنشینی فەرمانبەران لە 60 ساڵەوە بگەڕێندرێتەوە بۆ 63 ساڵ.
ئەم هەنگاوە بە مەبەستی ڕێگریكردنە لەو زیانە دارایی و مرۆییانەی كە لە ساڵانی رابردوودا بەهۆی كەمكردنەوەی تەمەنی خانەنشینییەوە بەر دامەزراوەكانی دەوڵەت كەوتوون.بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەكە ئاماژەی بەوە كرد، كەمكردنەوەی تەمەنی خانەنشینی بۆ 60 ساڵ زیانی گەورەی بە سندوقی خانەنشینیی فەرمانبەران گەیاندووە، چونكە لە لایەكەوە بارگرانییەكی دارایی زۆری بۆ سندوقەكە دروست كردووە و لە لایەكی تریشەوە وڵاتی لە لێهاتوویی و ئەزموونی ئەو فەرمانبەرانە بێبەش كردووە كە لە لوتكەی توانای كاركردنیاندا بوون.
لە چوارچێوەی پێشنیارەكەدا، دەستەی خانەنشینی داوای كردووە دەرچەیەكی یاسایی بدۆزرێتەوە بۆ ئەو توێژانەی كە بەهۆی جیاوازیی چەند مانگێكی كەم لە ئیمتیازات بێبەش دەبن.
بۆ نموونە، ئەو فەرمانبەرانەی 24 ساڵ و 6 مانگ خزمەتیان هەیە و بەو هۆیەوە لە پاداشتی كۆتایی خزمەت بێبەش دەكرێن، یا ئەوانەی 12 ساڵ خزمەتیان هەیە و مووچەكانیان بۆ خێزانەكانیان نامێنێتەوە، لەم هەموارەدا مافەكانیان ڕێكدەخرێتەوە.
بەشێكی تری پێشنیارەكە تایبەتە بە رێگەدان بەو كەسانەی ساڵی خزمەتیان كەمە بۆ خانەنشینبوون، تا بتوانن ساڵانی خزمەت بكڕنەوە. ئەمەش لە ڕێگەی پێدانی لێبڕینی خانەنشینییەوە دەبێت بۆ دەستەبەركردنی مافەكانیان. ئێستا تەواوی پێشنیارەكان لەبەردەم ئەنجوومەنی نوێنەراندایە و چاوەڕێی پەسەندكردن دەكرێت تایاسای خانەنشینی هەموار بكرێتەوە.