بەهۆی وەرگرتنی زیاتر لە پێنج ملیار دینار وەك باج بەدەر لە یاسا، نوێنەری خاوەن كارگەكان وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان دەباتە بەردەم دادگا و لێپرسراوێكی باجیش كورتهێنانی دارایی وەك ڕێگرێك لەبەردەم گەڕانەوەی پارەكان دەستنیشان دەكات.
ئارام بابان، ئەندامی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی ڕایگەیاند، ڕۆژی سێشەممەی هەفتەی ڕابردوو لە دادگای كارگێڕی، سكاڵای یاسایی لەسەر ئاوات جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی حكومەتی هەرێمی كوردستان تۆمار كردووە.
هۆكاری سكاڵاكە بۆ وەرگرتنی بڕی زیاتر لە پێنج ملیار دینار دەگەڕێتەوە كە وەك باج و بەدەر لە یاسا لە زیاتر لە 200 كارگەی هەولێر، سلێمانی و ناوچەكانی تر وەرگیراوە. ئارام بابان تەئكیدی كردەوە كە بەڵگە و پسوڵەی پێویستیان لەبەردەستدایە كە دەیسەلمێنێت كارگە هەبووە تەنیا یەك ساڵ بەسەر دامەزراندنیدا تێپەڕیوە، بەڵام 15 ملیۆن دینار باجی لێ وەرگیراوە، لە كاتێكدا بەپێی یاسا دەبێت تاوەكو 10 ساڵ لە باج ببەخشرێت.