دۆناڵد ترەمپ، دووبارە تەئكید لەوە دەكاتەوە كە ئێران نابێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمی و دەشڵێت، رێككەوتنەكە لەگەڵ تاران لە قۆناغەكانی كۆتاییدایە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنووسان لە فڕۆكەخانەی جۆن كەنەدی لە نیویۆرك، رایگەیاند، رەنگە لە چەند رۆژی داهاتوودا بیرۆكەیەكم لەبارەی رێككەوتنەكە لەگەڵ ئێران هەبێت.
هەروەها بەپێی دەربڕینی خۆی هیوای خۆی نیشاندا بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێكی "ناوازە" لەگەڵ ئێران.
دۆناڵد ترەمپ تەئكیدی لەوەكردەوە كە ئابووری ئێران دەناڵێنێت و لە درێژەی قسەكانیدا وتی "ئەوان پێویستیان بە گەیشتن بە رێككەوتنە". ئەو پێی وابوو كە گەمارۆی ئابووری سەر ئێران باشترە لە بژاردەی سەربازی. پێشی وابوو كە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی پێشوو لەگەڵ تاران شكستێكی گەورە بووە.
جگە لەوانە، دۆناڵد ترەمپ باسیلەوەكرد كە گفتوگۆیەكی زۆر باشی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل ئەنجامداوە و وتی، ئێران بۆردوومانی ئیسرائیلی كرد و ئەویش وەڵامی دایەوە و بابەتەكە كۆتایی هات.
پێشتر، سەرۆكی ئەمریكا ئاماژەی بەوە كردبوو كە ئەگەری هەیە ئەمریكا لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا "سەركەوتنی تەواوەتی" بەسەر ئێراندا رابگەیەنێت، ترەمپ وتی، ئێمە ئێستا لە دانوستانداین و ئەوان دەیانەوێت رێككەوتنێكی زۆر باش ئیمزا. ئەوان ئامادەن هەموو شتێكمان پێبدەن، و ئامادەن دەستبەرداری چەكی ئەتۆمی ببن.
ئەمە یەكەمجار نییە كە دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆكی ئەمریكا باسی بەدیهێنانی پێشكەوتنی گەورە لە دانوستانەكانی نێوان تاران و واشنتۆن دەكات.
ئەم لێدوانانە دوای ئەوە هاتن كە رۆژی رابردوو ئیسرائیل و ئێران راگرتنی هێرشكردنیان بۆسەر یەكتر راگەیاند ئەوەش دوای هێرشەكانی نێوانیان كە ببووە هەڕەشە بۆ سەر ئەو دانوستانانەی چەند مانگێكە لە نێوان لایەنی ئەمریكی و ئێرانی لە ڕێگەی نێوەندگیری پاكیستانەوە بەڕێوەدەچێت.