نزار ئامێدی سەرۆك كۆماری عیراق و خالید شوانی وەزیری داد و قاسم ئەعرەجی ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی، سەردانی نوسینگەی بەغدادی دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانییان كرد. تەئكیدیان لە پشتیوانی خۆیان بۆ دەزگاكە كردەوە.
پێشنیوەڕۆی 15 ی حوزەیرانی 2026، دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی كە دامەزراوەیەكی ڕۆشنبیرییە، بە ڕەسمی نوسینگەی خۆی لە شاری بەغدادی پایتەخت كردەوە. ئەم هەنگاوە بە مەبەستی پەرەپێدانی چالاكییە ڕۆشنبیرییەكان و درێژەدان بەو ڕێبازە سیاسییە دێت كە سەرۆك جەلال تاڵەبانی لە پایتەختی عیراق پەیڕەوی دەكرد.
نزار ئامێدی سەرۆك كۆماری عیراق، لەمیانی سەردانەكەیدا ڕایگەیاند، كردنەوەی نوسینگەی بەغدادی دامەزراوەی سەرۆك مام جەلال گرنگییەكی زۆری هەیە، بەوپێیەی بەغداد پایتەختە و چاوی هەموو دنیای لەسەرە، مام جەلالیش ڕۆڵێكی گرنگی بینیوە لە بنیاتنانی پرۆسەی سیاسی لە عیراق و ناوێكە نەك لە عیراق بەڵكو لە دەوروبەر و جیهانیش دەنگی داوەتەوە.
سەرۆك كۆماری عیراق، تەئكیدی كردەوە كە بە هەموو شێوەیەك پشتیوانی دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی دەكەن.
لەلایەن خۆشیەوە، خالید شوانی وەزیری دادی عیراق، باسی لە گرنگی كردنەوەی نوسینگەی دامەزراوەی سەرۆك مام جەلال كرد و ڕایگەیاند، مام جەلال سەرۆكێك نەبووە ناوی لە چوارچێوەی سنوورێكدا قەتیس بكرێت، بەڵكو كەسایەتییەكی كاریگەری ناوچەكە و جیهانیشە بۆیە دروستكردنی دامەزراوەكە و بیرۆكەكەی كاریگەری دەبێت.
هەروەها قاسم ئەعرەجی ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عیراق، وێڕای پیرۆزبایی كردنەوەی نوسینگەی دامەزراوەی سەرۆك مام جەلال لە بەغداد، باسی لە رۆڵی سەرۆك مام جەلال لە عیراق كرد و ڕایگەیاند، سەرۆك مام جەلال سەرجەم عیراقیەكانی كۆكردبوەوە و داهێنەری بەرنامەی لێبوردەیی بووە.