جێبەجێكردنی سیستمی ئەسیكۆدا و شێوازی گەڕاندنەوەی داهاتی دەروازە سنوورییەكان، جارێكی تر هەولێر و بەغدادی ڕووبەڕووی جیاوازیی بۆچوون كردووەتەوە و هەردوولای لەسەر مێزی گفتوگۆكان كۆكردووەتەوە.
هەرچەندە سامر قاسم داود بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گشتی گومرگی عیراق دەڵێت،هەماهەنگیی ئاست بەرز و لێكتێگەیشتنی پێشكەوتوو لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەیە بۆ جێبەجێكردنی سیستەمی ئەسیكۆدا لە سەرجەم ناوەندە سنوورییەكانی ، بە پشتبەستن بە ڕێنماییەكانی سەرۆكوەزیران و وەزیری دارایی عیراق، بەڵام ئەمڕۆ چوار شەممە وەفدێكی هەرێم چووەتە بەغداد بۆ ئەوەی رێككەوتنێك لەگەڵ لایەنی عیراقی لەبارەی سیستمی ئەسیكۆدا ئیمزا بكات، بۆ ئەوەی لە ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئابووریی عیراق رێككەوتنەكە پەسەند بكرێت.
بەپێی لێكتێگەیشتنی نێوان هەولێر و بەغداد، ئەو سیستمە بە چەند تایبەتمەندییەك لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێت و لەلایەن تیمی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بەڕێوە دەبرێت. بەڵام كۆمەڵێك كێشە و گرفت لەبەردەم جێبەجێكردنی سیستەمەكەدا هەیە ،سەرەكیترین كێشەش لەبەردەم جێبەجێكردنی سیستمی ئەسیكۆدا ، یەكخستنی پێناسی گومرگی و شێوازی كۆكردنەوەی داهاتەكانە. وەفدی حكومەتی فیدڕاڵ داوا دەكات داهاتی دەروازە سنوورییەكان بە ڕێژەی 100% بچێتەوە بەغداد و دواتر بەغداد 50%ـی داهاتەكە بۆ هەرێمی كوردستان بگەڕێنێتەوە، بەڵام هەرێمی كوردستان ئەم پێشنیارەی رەتكردووەتەوە.حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەرامبەر رەتكردنەوەی ناردنی تەواوی داهاتەكە، ئامادەیی نیشانداوە كە وەفدی هاوبەشی هەردوولا لە دەروازە سنوورییەكان ئامادەبن. ئامانجی ئەم پێشنیارە ئەوەیە كە هەردوولا پێكەوە سەرپەرشتی كۆكردنەوەی داهاتەكە بكەن بۆ دەستەبەركردنی شەفافییەت، بەبێ ئەوەی پارەكە بنێردرێتە ناوەند.
لەوباریەوە عەلائەدین قەیسی وتەبێژی دەستەی دەروازە سنوورییەكانی عیراق رایگەیاندووە، هەوڵەكان بۆ رێككەوتن لەسەر سیستمی ئەسیكۆدا هەنگاوی زۆری بڕیوە. ئاماژەی بەوەكردووە، یەكخستنی پێناسی گومرگی و دروستكردنی یەك گرووپی كاركردن بڕیاری لێدراوە و تەنیا كێشەی دابەشكردنی داهاتەكە ماوەتەوە.
جگە لە پرسی داهات، جیاوازی یاسا بەركارەكانی هەرێمی كوردستان و عیراق یەكێكی ترە لە خاڵە ناكۆكەكان كە پێویستی بە چارەسەر هەیە. بەپێی زانیارییەكان، دۆسیەی داهات و خاڵە سنوورییەكان لەگەڵ شێوازی دابەشكردنی پارەكە، تەوەرە سەرەكییەكانی گفتوگۆكانی نێوان هەولێر و بەغداد پێكدەهێنن.