ئەمین بابەشێخ: چالاککردنی پەیوەندییەکانی ئەڵمانیا و تورکیا دەکرێت ببنە هەنگاو و دەستپێکێکی ئەرێنی بۆ ئاییندەی پەیوەندییەکان

کوردستان 02:00 PM - 2026/06/17

ئەمین بابەشێخ لەبارەی چالاككردنی پەیوەندیەكانی ئەڵمانیا و توركیاوە دەڵێت: چالاککردنی پەیوەندییەکانی ئەڵمانیا لە گەڵ تورکیا بە ڕێگای میکانیزمی دیاڵۆکی هاوبەشی ستراتیژی، دەکرێت ببنە هەنگاو و دەستپێکێکی ئەرێنی بۆ ئاییندەی پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەوروپا لە گەڵ تورکیا.
دەشڵێت، لە ڕوانگەی حکومەتی ئەڵمانیاوە، دەبێت پەلە بکرێت لە کاراکردنی پەیوەندییەکانیان، بەتایبەت لە بواری سەربازی و ئەمنی و پەرە بە بواری ئابووری و بازرگانی بدرێت. هەر بۆیەش، ئەڵمانیا ئامادەکاری و بەشدارییەکی باش لە کۆبوونەوەی لووتکەی ناتۆ دەکات، کە بڕیارە لە مانگی داهاتووی ئەم ساڵ (تەمووزی ٢٠٢٦) لە ئەنقەرە ببەسترێت.

ئاماژەی بەوەشكردووە، سەرەڕای دۆستایەتی دێرین و پتەوی پەیوەندییەکانی ئەڵمانیا و تورکیا لە بوارەکانی ئابووری و بازرگانیدا، بەڵام لە هەمان کاتیشدا ناکۆکن لەسەر چەندین دۆسییه وەکوو: ئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتیی ئەوروپا و پرۆسەی دیموکراسی، مافی مرۆڤ، ئازادی ڕادەربڕین، سەربەخۆیی دادگا و دەست تێوەردان لە کاروباری ناوخۆی ئەڵمانیا لە ڕێی ئەنجامدانی چالاکییە سیاسییەکانی لە ڕێگای ڕەوەندی تورکی لە ناوخۆی ئەڵمانیادا، کە بە گەورەترن ڕەوەند هەژمار دەکرێت، کێشەی قوبرس و ناکۆکییەکان لەگەڵ یۆنان، کۆچکردنی پەنابەران لە تورکیاوە بۆ ئەڵمانیا وڵاتانی تری یەکێتیی ئەوروپا، جەنگ و ململانێی نێوان ئیسرائیل و فلستین، بەتایبەت (حماس) لە غەزە.

ئەوەشی خستۆتەڕوو، دوای گۆڕانکارییەکانی ناوخۆی تورکیا، بەتایبەت دوای هەموارکردنی دەستوور و گۆڕینی لە پەرلەمانی بۆ سەرۆکایەتی، ناکۆکیێکی تر لەنێوان یەکێتیی ئەوروپا و تورکیا هاتە پیشەوە، ئەڵمانیا یەکێک بوو لە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا، کە ئەم گۆڕانکارییە بە بەربەستێکی تر بۆ پرۆسەی بە ئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتیی ئەوروپا دادەنا. 
پێشی گۆڕینی دەستووریش، ئاڕاستەی ڕووداو و گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگەی سیاسی لە تورکیا بەرەو نزیکبوونەوە لە ڕۆژهەڵات و جیهانی ئیسلامی بوون و تا ڕادەیەک دوورکەوتنەوە لە ئەوروپا، ئەمەش بە پاڵپشتی پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا (AKP) بە ڕێبەرایەتی سەرۆک کۆمار ڕەجب تەییب ئەردۆغان بوو، ئەم پەرەپێدانە وای کرد، ئەڵمانیا و یەکێتیی ئەوروپا بە وردی چاودێری گۆڕانکارییەکانی ناوخۆی تورکیا بکەن و پرۆسەی بەرزی و نزمی و بێ متمانەیی لە پەیوەندییەکانی هەر دوو لادا دەستپێکرابوو. هاوکات لە گەڵ ئەم گۆڕانکارییه ناوخۆیانە لە تورکیا، لە کۆتایی ساڵێ ٢٠١٠ "بەهاری عەرەبی" لە چەندین وڵاتی عەرەبی دەستی پێکرد و یەکێک لەو وڵاتانە سووریا بوو، کە دەبێتە دراوسێیەکی ڕاستەوخۆی تورکیا و گرینگییەکی یەکجار زۆری هەیە لە ئاسایشی نەتەوەی تورکیادا و دواتر سەرهەڵدانی شەڕی (داعش) لە عێراق و سووریا لە ساڵی ٢٠١٣ و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی خلافەی ئیسلامی لە ساڵی ٢٠١٤. دەرئەنجامی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی خلافەی ئیسلامی و شێوازی دڕاندانەی حوکمڕانییەکی لەگەڵ کەمینەکانی ئایینی، وەکوو: کرستیانەکان و ئێزدییەکان بوو، بە دەنگهاتنی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و پێکهێنانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی (داعش) بە سەرۆکایەتی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئەندامییەتی چەندین وڵاتی تر، کە یەکێکیان ئەڵمانیایە. لە میدیای وڵاتانی ڕۆژئاوادا، ئەم ڕووداوە بە هەڕەشەیەکی ڕاستەو لە سەر بەهاکانی مافی مرۆڤ و ئاسایشیی جیهانی لە قەڵم دەدرا، ئاماژەش بەوە دەکرا، کە تورکیا و چەند وڵاتێکی تری ناوچەکە بە نا ڕاستەوخۆ بەشدارن و هاوکارن لە پرۆسەی سەرهەڵدانی (داعش)، بەتایبەت لە میدیای ئەڵمانیدا. ئەم ڕووداوەش بووبە خاڵێکی تری ناکۆکی لەنێوان ئەڵمانیا و توکیادا.

ئەمین بابەشێخ دەشڵێت، لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ (أحتوا‌و) و دووبارە نزیکكردننەوی تورکیا لە ئەڵمانیا و یەکێتیی ئەوروپا، بڕیارە لە لووتەکەی هاوپەیمانی ئەتڵەسی (ناتۆ) دانوستاندن لە سەر چەندین پرس و دۆسییەی بەرنامەڕێژکراوی نێوانیاندا بکرێت. ئەمەش، سەرەڕای مشتومڕ و ناکۆکی کۆن و نوێ لە ناو وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپادا، سەبارەت بە هەڵسووکەوت و سیاسەتی نەخوازیاری تورکیا لە مەڕ چەندین پرسی پەیوەندیدار بە بنەما سیاسی و بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا، بەڵام حکومەتی ئەڵمانیا ئەم دەست پێشخەرییە بە هەنگاوێکی گرینگ بۆ (احتوا‌و) كردنی تورکیا دا دەنێت، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە نزیکبوونەوەی تورکیا لە ڕووسیا و چین، بڕیاری چالاککردنی پەیوەندییەکانی ئەڵمانیا لە گەڵ تورکیا بە ڕێگای میکانیزمی دیاڵۆکی هاوبەشی ستراتیژی، دەکرێت ببنە هەنگاو و دەستپێکێکی ئەرێنی بۆ ئاییندەی پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەوروپا لە گەڵ تورکیا.
 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو