ئەنجومەنی وەزیران پرسی گەنمی جوتیاران و خانەنشینكردنی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاكان تاوتوێ دەكات

کوردستان 10:03 AM - 2026/06/17

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دەدات و تیایدا چەند پرسێکی گرنگ تاوتوێ دەکات، لەوانە وەرگرتنی گەنمی جوتیاران لەلایەن بەغداوە، پرسی خانەنشینبوونی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاکان، و بێبەشکردنی خاوەن داهاتە باڵاکان لە سەبەتەی خۆراکی مانگانە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دەدات و تێیدا سێ بڕگەی گرنگ تاوتوێ دەکات.
ئەو دۆسیانەی ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم گفتوگۆیان لەسەر دەکات:

1. وەرگرتنەوەی بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، بۆ وەرزی چاندنی ئەمساڵ لەلایەن حکوومەتی فیدراڵەوە لە چوارچێوەی پلانی ساڵانە و گرفت و چارەسەرەکان، گفتوگۆ دەکرێت.

2. بڕیاردان لەسەر بابەتی خانەنشینکردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، ئەوانەی کە مەرجی یاسایی تەمەن و ساڵانی خزمەتی خانەنشینییان هەبووە، دەخرێتەڕوو.

3. راگرتنی سوودمەندیی خاوەن داهاتە باڵاکان لە پڕۆژەی سەبەتەی خۆراکیی ناوەندی، کە لە لایەن وەزارەتی بازرگانیی فیدراڵی لە خەرجییە حاکمەکان پارەی بۆ تەرخان دەکرێت و تایبەتکردنی بە خاوەن داهاتە سنووردارەکان، گفتوگۆ دەکرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو