دادگای ئەمریكا دروستكردنی هۆڵی ئاهەنگەكانی ترەمپی لە كۆشكی سپی راگرت

عیراق 01:16 PM - 2026/08/08

دادگای ئەمریكا فەرمانی دا بە ڕاگرتنی دەستبەجێی كارەكانی دروستكردنی ئەو هۆڵی ئاهەنگەی كە دۆناڵد ترەمپ پێشنیاری كردووە لە كۆشكی سپی دروست بكرێت، تا ئەو كاتەی رەزامەندی كۆنگرێس وەردەگرێت.

دادگای تێهەڵچونەوەی ئەمریكا پشتگیری لە هەڵوێستی پارێزەرانی شوێنەوارە مێژوییەكان كرد كە داوایەكی یاساییان بۆ ڕاگرتنی كارە بیناسازییەكانی هۆڵەكە لە كۆشكی سپی تۆماركردبوو. دادگا روونیكردەوە، جێبەجێكردنی بڕیارەكەی بۆ ماوەی دوو هەفتە ڕادەگرێت، بۆ ئەوەی بوار بە ئیدارەی ئەمریكا بدات تانە لە بڕیارەكە بدات لەبەردەم دادگای باڵا. دادگا لە ناوەڕۆكی بڕیارەكەیدا تەئكیدیكردووەتەوە لەوەی، پرسی دروستكردنی هۆڵێكی گەورەی ئاهەنگگێڕان تەنها لە دەسەڵاتی كۆنگرێسدایە‌و لەو دەسەڵاتانە نییە كە دەسەڵاتی جێبەجێكردن بتوانێت بە تەنیا بڕیاری لەسەر بدات.

دەشڵێت، بڕیارەكە پەیوەندی بە دروستی بنەمای دروستكردنی هۆڵە پێشنیاركراوەكە نییە لە رووی سیاسییەوە، و مەرج نییە بەواتای ئەوە بێت كە لایەنی داواكراو (واتە ئیدارەی ئەمریكا) لە كۆتاییدا نەتوانێت دروستی بكات.

پڕۆژەی دروستكردنی هۆڵی ئاهەنگ و پێشوازیی نوێ لە كۆشكی سپی، یەكێكە لە گەورەترین و مشتومڕاوییترین پڕۆژەكانی بیناسازی لە مێژووی هاوچەرخی كۆشكەكەدا. پڕۆژەكە لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە ڕاگەیەندرا، بەڵام بە بڕیاری دادگای تێهەڵچونەوەی فیدراڵی كارەكانی راگیرا بەهۆی نەبوونی ڕەزامەندی كۆنگرێس.

بەپێی ڕاگەیەندراوی پێشووی كۆشكی سپی، هۆڵەكە لەسەر رووبەری 90 هەزار  پێ چوارگۆشە دروستدەكرێت ‌و شوێنی 650 بۆ هەزار كەس لەخۆدەگرێت. ئامانجی سەرەكی، جێگرتنەوەی چادرە كاتییەكانە كە بۆ خوانە رەسمییەكان لەسەر چیمەنی كۆشكەكە هەڵدەدران. تێچووی پڕۆژەكە لە 200 ملیۆن دۆلارەوە دەستیپێكرد و ئێستا گەیشتووەتە 400 ملیۆن دۆلار، كە لەلایەن بەخشەرە تایبەتەكان، كۆمپانیاكان و خودی ترەمپەوە دابین دەكرێت. هۆڵەكە دیوارەكانی لە شوشەی دژە گوللـە دروست دەكرێن، سەقفەكەی دژە فڕۆكەی بێفڕۆكەوانە و لە ڕێگەی پردێكی شوشەییەوە بە بەشی نیشتەجێبوونی سەرەكی كۆشكەكەوە دەبەسترێتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو