حكومەتی عیراق: 206 ملیار دینار و 141 ملیۆن دۆلار و 500 كیلۆ زێر بۆ دەوڵەت گەڕێنراوەتەوە وتەبێژی حكومەتی عیراق ڕایگەیاند، لەشەش هەفتەی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا 206 ملیار دینار و 141 ملیۆن دۆلار پارە بۆ حكومەت گەڕاوەتەوە، ئاشكراشیكرد هەڵمەتەكە بەردەوام دەبێت.
حەیدەر عەبوودی، وتەبێژی حكومەتی عیراق لەچاوپێككەوتنێكدا لەگەڵ تۆڕی سی ئێن ئێن ئاماژەی بەوەشكرد، لە ئۆپەراسیۆنەكانی ئەم دواییەی دژی گەندەڵی، 206 ملیار دینار، 141 ملیۆن دۆلار و 500 كیلۆ زێڕ داهات بۆ دەوڵەت گەڕێنراوەتەوە، لێكۆڵینەوەكانیش لە دۆسییەكانی گەندەڵی بەردەوام دەبن.
سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنەكەی شەوی هەینیش لەبەغدا، حەیدەر عەبوودی وتی، شەوی هەینی هەردوو دەزگای دژەتیرۆرو هەواڵگری ئۆپەراسیۆنێكیان لەبەغدا ئەنجامداو بەهۆیەوە تۆڕێكی چەكداری هەڵوەشێنرایەوەو ئەندامەكانی دەستگیر كران، كە چەك و درۆنیان پێ بووەو ویستوویانە هێرشێك ئەنجام بدەن بەڵام ئەوە ئاشكرا ناكەم هێرشەكە بۆ ناوخۆ بووە یان دەرەوە.