دوای 18 سەعات لە وتووێژەكانی لیژنەی داد لە پەرلەمانی توركیا سەبارەت بە رەشنووسی یاسای بەهێزكردنی هاوپشتی نیشتمانی و یەكگرتنی كۆمەڵایەتی ، ئەو پێشنیارەی كە بە یاسای توركیای بێ تیرۆر ناودەبرێت، لیژنەكە پڕۆژە یاساكەی پەسەند كرد، ئەمەش زەمینەی خۆشكرد بۆ ئەوەی لە كۆبوونەوەی گشتی پەرلەماندا تاوتوێ بكرێت.
ئەو گفتوگۆیانەی لە لیژنەی داد ئەنجامدراون نزیكەی 18 سەعاتی خایاندووە، دوای هەڵسەنگاندنی سەرجەم ماددەكانو چوارچێوەی گشتیی پێشنیارەكە، بۆچوونی ئەندامانی لیژنەكە لەبەرچاو گیرا.
لەگەڵ تەواوبوونی گفتوگۆكان، پەیڕەوەكە بە لیژنەكەدا تێپەڕی و بۆ قۆناغی داهاتوو لە پرۆسەی یاسادانان گواسترایەوە و بڕیاریشە لە ماوەی داهاتوودا بخرێتە بەرنامەی كاری ئەنجومەنی نیشتمانیی توركیا بۆ گفتوگۆ و دەنگدان.
ئەگەر پێشنیارەكە دوای گفتوگۆكانی ئەنجومەنی گشتی ببێتە یاسا، ئەوا ئەو پرۆسانەی كە لە پەیڕەوەكەدا پێشبینی كراون جێبەجێ دەكرێن. هاوكات بەپێی هەواڵی میدیاكانی توركیا، پڕۆژەیاسای چارەسەری، رۆژی دووشەممە دەخرێتە بەردەم ئەندامانی پەرلەمان بۆ پەسەند كردنی.