نزار ناسر پارێزگاری بانكی ناوەندیی عیراق رایدەگەیەنێت،بەهۆی داخستنی گەرووی هورمز و لێكەوتە ئابورییەكانی شەڕی ئێران، یەدەگی دراوی بیانیی عیراق نزیكەی 32 ملیار دۆلاری ئەمریكی دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە.
نزار ناسر لەكۆبونەوەی لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق ئاشكرایكرد، بەهۆی داخستنی گەرووی هورمز و لێكەوتە ئابورییە قورسەكانی شەڕ و ئاڵۆزییە سەربازییەكانی نێوان ئەمریكا و ئیسرائیل بەرامبەر ئێران، یەدەگی دراوی بیانیی عیراق بە بڕی 31 ملیار و 500 ملیۆن دۆلاری ئەمریكی دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە.
نزار ناسڕ لە كۆبونەوەكەدا رایگەیاند، یەدەگی دراوی بیانی لە بانكی ناوەندی لە 109 ملیار دۆلارەوە بۆ 77ملیار و 500 ملیۆن دۆلار دابەزیوە، بەشی هەرە زۆری ئەو یەدەگ و پارە كاشەی خەرجكراوە، بەمەبەستی دابینكردن و دابەشكردنی موچەی فەرمانبەرانی كەرتی گشتی كراوە لە سایەی پەككەوتنی داهاتە نەوتییەكاندا.
تەئكیدیشی كردەوە لەوەی،بانكی ناوەندی هەمو هەوڵێك دەدات بۆ پاراستنی سەقامگیریی ئابووری و بەڕێوەبردنی تەندروستانەی پارە و نەختینەی وڵات.
ئەم پەرەسەندنە داراییە لە كاتێكدایە كە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە مانگی رابردوودا دەنگدانی لەسەر پڕۆژەیاسای قەرزی دارایی (ناوخۆیی و دەرەكی) تەواو كردووە، بە مەبەستی پڕكردنەوەی كورتهێنانی گەنجینەی دەوڵەت و دابینكردنی سیولەی پێویست بۆ موچە و خزمەتگوزارییە سەرەكییەكان.