شەوی رابردوو لەگوندی گردەڕەشەی قەزای خەبات جارێكی تر شەڕ و ئاڵۆزی و پێكدادان لەنێوان هەركیەكان و هێزەكانی زێرەڤانی روویدا، بەپێی زانیارییەكانی گەلی كوردستان هۆكاری سەرەكی گرژییەكان لەوەوە سەرچاوەی گرتووە كە پەیامێك سەبارەت بەتێكچوونی خورشید هەركی و براكەی لەزیندانەوە بەگەنجانی و هەركییەكان گەیشتووە لەهەمان كاتدا هێزێك بۆ دەستگیركردنی چەند كەسێك چوونەتە گوندەكە، بەڵام هەركییەكان متمانەیان بەهێزەكە نەكردووە و چەكیان هەڵگرتووە و رێگریان لێكردوون و داوای ئاشكراكردنی چارەنووسی خورشید هەركیان كردووە، بەهۆیەوە ئاڵۆزییەكان زیاتربووە و هێزی زیاتری زێرەڤانی لەهەولێرەوە بەرەو گوندەكە جوڵەی پێكرا، ئەوەش هێندەی تر دۆخەكەی ئاڵۆزكرد و هەردوولا واتە هەركیەكان و هێزەكانی زێرەڤانی بەچەكی سووك و قوورس رووبەرووی یەكتربوونەوە. بەپێی زانیارییەكانی گەلی كوردستان ئەمڕۆش ژمارەیەكی تر هێز رەوانەی گوندی گردەڕەشە كراون و لەدەوروبەری رێگاسەرەكیەكان جێگیركراون.
ئاڵۆزییەكانی نێوان هەركیەكان و هێزەكانی زێرەڤانی ساڵێك لەمەوبەر گەیشتە لوتكە و پێكدادانی چەكداری، ئەو كات خورشید هەركی و كەسوكارەكە رایانگەیاند: چەند كەسێكی دەست رۆشتوو هەوڵی دەست بەسەرداگرتنی زەوییەكانیان دەدەن، وتیشیان چەند جارێك سەبارەت بەو هەوڵە هۆشداریان بەلێپرسراوانی حكومەتداوە، بەڵام گوێیان لێ نەگیراوە و سەر ئەنجام هەردوولا بۆ ماوەی چەند رۆژێك بەچەكی سووك و قوورس رووبەرووی یەكتربوونەوە، لەماوەی رابردوودا خورشید هەركی و براكەی لەسەر ئەو رووداوانە دەستگیركران و تائێستاش ئازاد نەكراون.