فالح ساری وەزیری دارایی عیراق رایگەیاند، بڕگەی بەهەمیشەییكردنی سەرجەم فەرمانبەرانی گرێبەست و كرێكارانی رۆژانە لەسەر میلاكی هەمیشەیی، لەناو رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ بۆ ساڵی 2027 جێگیر كرا.
نووسینگەی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی وەزارەتی دارایی عیراق لەراگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لەكۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ئامادەكردنی بودجەدا، وەزیری دارایی بڕیاری رەسمی لەبارەی چارەنووسی فەرمانبەرانی گرێبەست لە عیراق راگەیاندووە.وەزیری دارایی عیراق ئاماژەی بەوەكرد، ئەم بڕیارە دوای كاركردنێكی بەردەوامی فەرمانگە تایبەتمەندەكانی وەزارەتی دارایی هاتووە كە بریتی بووە لەسەرژمێریكردن و وردبینیكردنی تەواوی داتا و ژمارەی كارمەندانی گرێبەست لەسەرجەم وەزارەت و دامەزراوەكان و هەژماركردنی تەواوی تێچووی دارایی كە لەئەنجامی بەهەمیشەییكردنیان دەكەوێتە سەر ئەستۆی دەوڵەت،
هەروەها دابینكردن و مسۆگەركردنی تەرخانكراوی دارایی پێویست لەناو خشتەكانی بودجەدا.فالح ساری لەكۆبوونەوەكەدا روونیكردەوە: وەزارەتی دارایی بەبەرپرسیارێتییەكی باڵاوە مامەڵەی لەگەڵ دۆسیەی گرێبەستەكاندا كردووەو توانیویەتی سەرجەم پێداویستییە دارایی و هونەرییەكانی تەواو بكات، بەم شێوەیەش دۆسیەكە لەقۆناغی داواكارییەوە گواسترایەوە بۆ قۆناغی رێكارە رەسمییەكان لەڕێگەی جێگیركردنی راستەوخۆی دەقی بەهەمیشەییكردنیان لەناو پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیدا.