بوومەلەرزەیەك بە هێزی 7.7 پلەی رێختەر پەنامای هەژاند

عیراق 11:36 AM - 2026/10/10

بوومەلەرزەیەك بە هێزی حەوت پۆینت حەوت پلە بە پێوەری رێختەر پەنامای هەژاند.
دەستەی رووپێوی جیۆلۆجیی ئەمریكا رایگەیاند، بوومەلەرزەكە بەهێزی حەوت پۆینت حەوت پلەی رێختەر تۆماركراوە و چەقەكەی 10 كیلۆمەتر لە شارۆچكەی پیتاڵۆزا ئاریبا لە باشووری ناوەڕاستی پەناما دوور بووە.

راپۆرتە سەرەتاییەكان ئاماژە بە زیانی مادیی زۆر دەكەن، لەوانە داڕووخانی بەشێك لە كەنیسەیەكی مێژوویی لە شاری پێرۆنۆمێ و زیانگەیشتن بە چەندین خانوو و هۆتێل لە ناوچەكانی ناوەڕاست و باشوور. بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەك لەسەر گیانلەدەستدان رانەگەیەندراوە.

هاوكات لە سەرەتادا هۆشداریی توند لە ئەگەری دروستبوونی شەپۆلی تسۆنامی بۆ كەناراوەكانی پەناما و 11 وڵاتی دراوسێی درا، بەڵام دواتر هۆشدارییەكە لادرا. دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی كەناڵی پەناما رایگەیاندووە، رێڕەوە ئاوییە ستراتیژییەكە هیچ زیانێكی پێ نەگەیشتووە‌و گەشتە دەریاییەكان بە شێوەیەكی ئاسایی بەردەوامن.

لە بەرامبەردا فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی پایتەخت بە شێوەیەكی كاتی بۆ پاراستنی سەلامەتیی گەشتیاران داخرا و گەشتەكان ئاڕاستەیان گۆڕدرا.
خۆسێ رائول مولینۆ سەرۆكی پەناما ، رایگەیاند، تەواوی دامەزراوەكانی حكومەت كەوتوونەتە ئامادەباشی و داوای لە هاووڵاتیان كرد كە ئارام بگرن و نەبنە هۆی دروستبوونی پشێوی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو