ئەمڕۆ كارەكانی خولی 52ی كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ڕێكخراوی هاوكاری ئیسلامی لە بەغدادی پایتەخت دەستیپێكردو عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێرانیش بۆ بەشداریكردن لەو كۆبوونەوەیە گەیشتە بەغداد. ئەم رووداوە مێژووییە دوای زیاتر لە چوار دەیە دێت كە عیراق جارێكی تر میوانداری كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ئەم ڕێكخراوە گرنگە دەكات.
باڵیۆز حەسەنین كامل، وتەبێژی خولی 52ی كۆبوونەوەكە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، سەرجەم وەفدە بەشداربووەكان گەیشتوونەتە بەغداد و دانیشتنەكان دەستیانپێكردووە. پێشتریش وەزارەتی دەرەوەی عیراق رایگەیاندبوو كە تەواوی ئامادەكارییە لۆجستییەكان بۆ سەركەوتنی ئەم خولە كۆتاییان هاتووە، كە لە رۆژانی 17و 18ی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت.
لەم خولەدا، 55 دەوڵەتی ئەندام و چاودێر بەشداری دەكەن بۆ تاوتوێكردنی گرنگترین دۆسیە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەكانی ناوچەكە. كۆبوونەوەكە لە ژێر دروشمی دیالۆگ و هاوپشتی بەڕێوەدەچێت، كە تێیدا تەئكید لەسەر بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییەكانی جیهانی ئیسلامی، چارەسەركردنی قەیرانە ناوچەییەكان و بەهێزكردنی ئاشتیی بەردەوام دەكرێتەوە.
میوانداریكردنی ئەم كۆبوونەوەیە لەلایەن بەغدادەوە، ئاماژەیەكی ڕوونە بۆ گەڕانەوەی ڕۆڵی دیپلۆماسی و پێگەی پێشەنگایەتی عیراق لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی