بەبڕیاری عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عیراق، سەرجەم فەرمانبەرانی گرێبەست و کرێکارانی رۆژانە دەکرێنە هەمیشەیی، هاوکات لە بودجەی ساڵی 2027دا، 120 هەزار دەرفەتی کاری نوێش دەڕەخسێنرێن.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عیراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، ئەمڕۆ شەممە، عەلی فالح زەیدی سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی کرد بۆ تاوتوێکردنی وردەکارییەکانی بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی 2027. لەم کۆبوونەوەیەدا محەمەد عەلی تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و فالح ساری، وەزیری دارایی ئامادە بوون.
لە کۆبوونەوکەدا عەلی زەیدی فەرمانی کرد بە هەمیشەییکردنی سەرجەم فەرمانبەرانی گرێبەست و ئەو کرێکارانەی بە کرێی رۆژانە لەدامەزراوەکانی حکوومەت کاردەکەن بکرێنە هەمیشەیی، هەروەها بڕیاردرا 120 هەزار دەرفەتی کاری نوێ بە ناونیشانی گرێبەست لە چوارچێوەی بودجەی ساڵی 2027ـدا بڕەخسێنرێت، کە سەرجەم چین و توێژەکان دەگرێتەوە.
سەرۆکوەزیران جەختیکردەوە دەبێت دەرفەتەکان بە شێوازێکی دادپەروەرانە بەسەر پارێزگاکاندا بەپێی رێژەی دانیشتووان دابەش بکرێن. بۆ ئەم مەبەستەش پلاتفۆرمێکی تایبەت بۆ دامەزراندن دەکرێتەوە تا دادپەروەری لە نێوان پێشکەشکاراندا مسۆگەر بکرێت.
سەرۆکوەزیرانی عیراق ڕایگەیاند، حکومەتەکەی پارەی پێویست بۆ ئەم دامەزراندنانە لە بودجەدا جێگیر دەکات و وتی، "سەرەڕای هەموو تەنگژە دارایییەکان، دەمانەوێت گەنجان هەلی کاریان دەستبکەوێت و کارمەندان لە ژیان و بژێوییاندا دڵنیا بن؛ بۆیە تەواوی پارەی پێویست لە بودجەدا دابین دەکەین تاوەکو ئەم بڕیارە بە خێرایی جێبەجێ بکرێت."