دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا كەیتی زەكارییای لە پۆستی وتەبێژی كۆشكی سپی دوورخستەوە، دوای ئەوەی كەمتر لە هەفتەیەك بوو ئەو ئەركەی وەرگرتبوو.
ترەمپ رۆژی هەینی لە لێدوانێكیدا هۆكاری ئەم دۆخەی بۆ مامەڵەی میدیاكان گەڕاندەوە و رایگەیاند: بە كەیتیـم وت كە بە بۆچوونی من لەلایەن میدیا ساختەكانەوە، بە شێوەیەكی زۆر نادادپەروەرانە مامەڵەی لەگەڵ كراوە. پێم وت تۆ پێویستت بەمە نییە، چونكە بە راستی لەلایەن میدیاكانەوە هێرشی تووندت دەكرێتەسەر. ئێمە بیر لە كارێكی تر دەكەینەوە و دەمەوێ ژیانێكی باشت هەبێت.
دەستپێكی كارەكەی زەكارییا لەگەڵ یەكەمین و دوایین كۆنگرەی رۆژنامەوانیی خۆیدا لە رۆژی سێشەممە رووبەڕووی شەپۆلێكی گەورەی رەخنە بووەوە، كاتێك لە میدیاكاندا باسی ئەوە كرا كە خۆی وەك پارێزەر ناساندووە و تەنانەت ترەمپیش پێی وتووە پارێزەر، لە كاتێكدا لە تاقیكردنەوەی سەندیكای پارێزەراندا دەرنەچووە.
هاوكات، كاتێك لە وەڵامی پرسیارێكدا لە دەمی دەرچوو و لەبری سەرۆك، ترەمپی بە هاوژینەكەم ناوبرد، ئەمەش شەپۆلێكی بەرفراوانی گاڵتەجاڕی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و میدیاكاندا لێكەوتەوە.
پۆستی وتەبێژی كۆشكی سپی بە یەكێك لە پڕفشارترین كارەكان دادەنرێ، بەتایبەت لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپدا كە پەیوەندییەكی پڕ لە گرژی لەگەڵ میدیاكاندا هەیە؛ هەربۆیە دروستبوونی گومان لەسەر پێشینەی پیشەیی زەكارییا و دەستپێكە لەرزۆكەكەی لە رووبەڕووبوونەوەی رۆژنامەنووساندا زۆر بە خێرایی كۆتایی بە كارەكەی هێنا.