دۆخێكی نائاسایی و مەترسیدار لە شاری سان كلیمێنت و ناوچەكانی دەورووبەری لە ویلایەتی كالیفۆرنیای ئەمریكا روویدا، دوای ئەوەی ئاگرێكی بەهێز بە ناوی ئاگری نۆرتە سەریهەڵدا و بە خێراییەكی سەرسوڕهێنەر تەشەنەی كرد.
ئاگرەكە سەرلەبەیانیی ڕۆژی هەینی سەریهەڵدا و بەهۆی كاریگەریی بای بەهێزی وەرزی كە ناسراوە بە بای سانتا ئانا، بە ئاراستەی ناوچە نیشتەجێبووەكاندا بڵاوبووەوە. بایە توندەكان و بەرزی پلەكانی گەرما بوونە هۆكاری ئەوەی تیمەكانی بەرگریی شارستانی لە كۆنتڕۆڵكردنی خێرای بڵێسەكان لە قۆناغە سەرەتاییەكاندا شكست بهێنن.
بەپێی دواین ئامار و زانیارییەكان، ئاگرەكە سەدان دۆنم زەوی سووتاندووە و زیانی ماددی گەورەی بە چەندین خانوو و ژێرخانی ناوخۆیی گەیاندووە. لە بەرامبەر ئەم مەترسییە گەورەیەدا، دەسەڵاتدارانی ناوخۆیی و پۆلیسی ناوچەكە فەرمانی بەپەلەی چۆڵكردنیان بۆ دانیشتووانی چەندین گەڕەكی سان كلیمێنت و ناوچەكانی دراوسێ دەركرد، و داوایان لە خەڵك كرد دەستبەجێ ماڵەكانیان بەجێبهێڵن.
تیمەكانی ئاگركوژێنەوە بە هاوكاریی هێلیكۆپتەر و فڕۆكەی تایبەت بە كوژاندنەوەی ئاگر، بەردەوامن لە هەوڵەكانیان بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دۆخەكە و ڕێگری كردن لە گەیشتنی بڵێسەكان بە ناوچەكانی تری نیشتەجێبوون.
هاوكات چەندین پەناگەی كاتی لە خوێندنگا و ناوەندە گشتییەكاندا بۆ هاووڵاتییە ئاوارەبووەكان كراونەتەوە، و داوا لە سەرجەم دانیشتووانی ناوچەكانی دەوروبەر دەكرێت كە تەنانەت ئەگەر لەژێر مەترسیی راستەقینەشدا نەبن، زۆر هۆشیاربن و پابەندی ڕێنماییە ئەمنییەكان بن.