عەلی فالح زەیدی، سەرۆك وەزیرانی عیراق رایگەیاند، عیراق هێشتا بەدەست كاریگەریی ململانێكانی ناوچەكە و لێكەوتە ئابورییەكانیەوە دەناڵێنێت، هەربۆیە داوای ئازادیی بازرگانی، پاراستنی رێڕەوەكان و دابینكردنی رێگەی سەلامەت بۆ گواستنەوەی نێودەوڵەتی دەكات.
ئەمڕۆ لەشاری بەغداد خولی 52هەمینی ئەنجومەنی وەزیرانی دەرەوەی ڕێكخراوی هاریكاریی ئیسلامی دەستیپێكرد كە بڕیارە دوو رۆژ بخایەنێت، كە تیایدا وەزیرانی دەرەوەی ئێران، توركیاو وڵاتانی ئەندام لە رێكخراوەكەدا بەشدارن.
عەلی زەیدی، سەرۆك وەزیرانی عیراق لە وتاری دەستپێكی كۆبوونەوەكانیشدا بەخێرهاتنی وەفدی وڵاتانی كردو وتی، جیهانی ئیسلامی رووبەڕوی ئاڵنگاری زیاتر بووەتەوە كە كاریگەری لەسەر پێكەوەژیان و هاوسەنگی لەگەڵ گۆڕانكارییە ئابووری و كلتورییەكان دەبێت. وتیشی، قەیرانەكان لە گۆڕەپانە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكاندا، وایان لێدەكان بانگەواز بكەن بۆ كاری هاوبەشی زیاتر لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندیی گەلەكانیانو مسۆگەركردنی داهاتووی نەوەكانیان.
زەیدی ئەوەشی خستەڕوو، رێكخراوی هاریكاریی ئیسلامی پایەیەكی گرنگە بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی برایەتی و تەواوكاری لەنێوان گەلەكانیاندا كە ئیسلام وەك دین، كەلتور و شارستانییەت كۆیان دەكاتەوە. رونیشیكردەوە، هەڵوێستی بنەڕەتیی عیراق لەسەر دۆزی فەڵەستین دوپاتدەكەنەوە، وەك كرۆكی ململانێكان لە ناوچەكەدا و دادپەروەری بۆ گەلی فەڵەستین و مسۆگەركردنی مافەكانیان بنەمایە بۆ ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەكە.
لە درێژەی قسەكاندیدا زەیدی دەستپێشخەریكی راگەیاند و وتی، عیراق پێشنیاری دەستپێشخەرییەك دەكات بۆ گرێدانی تەواوەتی لەنێوان تۆڕەكانی وزە، هێڵی ئاسن، ئامڕازەكانی گواستنەوە، پەرەپێدانی سیستەمەكانی پارەدانی دیجیتاڵی و سەكۆ بازرگانییەكان و بەدیهێنانی تەواوكاری لەنێوان ناوچە پیشەسازییەكاندا، ئامانجیشیان لەم دەستپێشخەرییە بونیادنانی ئاسایش، سەقامگیری و گەشەسەندن و بەهێزكردنی تواناكانیانە بۆ رووبەڕووبونەوەی قەیرانەكان.