بەپێی راگەیەندراوی نووسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆك وەزیرانی عیراق، عەلی زەیدی سەرۆك وەزیران پێشوازی لە بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای نەوتی بەریتانیی بریتیش پترۆلیۆم (بی پی) و وەفدی هاوەڵی كردووە، لە دیدارێكدا هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەی فراوانكردنی هاوكارییەكان و پەرەپێدانی كێڵگە نەوتییەكان كردووە، بەتایبەت لە كێڵگەكانی رومێلە لە بەسرە، ئەڕیدۆ لە زیقار و كێڵگەی كەركوك. ئامانج لەم هەنگاوانەش بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتە بۆ گەیشتن بە 10 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا تا ساڵی 2032.
لە تەوەرێكی تری دیدارەكەدا، سەرۆك وەزیرانی عیراق داوای خێراكردنی كارە مەیدانییەكان و زیادكردنی سەعاتەكان كاركردنی كردووە بۆ ئەوەی پلانەكان لە كاتی خۆیاندا جێبەجێ بكرێن. هەروەها تەئكیدی لەسەر پێویستیی پەرەپێدانی پرۆسەكانی وەبەرهێنانی غازی هاوەڵ و سنوورداركردنی بەفیڕۆدانی كردەوە، ئەوەش بە مەبەستی پڕكردنەوەی پێداویستییەكانی ناوخۆ و بەهێزكردنی كەرتی وزە.
لای خۆیەوە، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای( بی پی) ئامادەیی كۆمپانیاكەی نیشان دا بۆ فراوانكردنی كارەكانیان لە عیراق و بەكارهێنانی نوێترین تەكنەلۆژیا و شارەزاییە هونەرییەكانیان بۆ پەرەپێدانی كێڵگەكان و زیادكردنی بەرهەم بەپێی پلانە داڕێژراوەكان.
بەپێی راپۆرتی رەسمی رێكخراوی ئۆپێك كە پشت بە زانیارییەكانی عیراق دەبەستێت، لەم كاتەدا بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی عیراق گەیشتووەتە 4 ملیۆن و 888 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا.