سەبارەت بە گەڕاندنەوەی بڕیكی زۆری پارەی گەندەڵی كە سەروەت و سامانی عیراق بووە و لە رابردوودا لەلایەن كەسانی گەندەڵەوە براوە گەڕێندراوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتی دەوڵەت، لەوبارەیەوە حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حكومەتی عیراق رایگەیاند، لە چوارچێوەی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ناسراو بە هەڵمەتی بەرەبەیان زیاتر لە دوو ترلیۆن و 682 ملیار دینار و زیاتر لە 781ملیۆن دۆلار لە پارەی گەندەڵی گەڕێندراوەتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت و دەخرێتە ناو سندووقی نەوەكان كە لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027دا جێگیر كراوە.
هاوكات وتیشی، هەڵمەتی بەرەبەیانـی حكومەت بەردەوامە و لە رووی كردەییەوە نەوەستاوە، دەشڵێت ئەنجامەكانی بە شێوەیەكی روون لە رێگەی ئەو بڕیارە دادوەرییانەوە دەركەوتوون كە دژی تاوانباران دەرچوون، لەنێویاندا ژمارەیەك سیاسەتمەدار و پەرلەمانتار و كەسایەتیی دیار هەن.
وتیشی، ئەنجام و ئاماژەكانی ئەم هەڵمەتە لە ماوەی 23 ساڵی ڕابردوودا و لە دوای ساڵی 2003ـوە وێنەیان نەبووە، تەئكیدی لەوەشكردەوە، عەلی زەیدی، سەرۆك وەزیران، وەك لێپرسراوی باڵای دەسەڵاتی جێبەجێكردن و سیاسەتی گشتیی دەوڵەت و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان، لەم ئەركەدا تەواوكەری هەردوو دەسەڵاتی دادوەری و یاسادانانە، چونكە حكومەت بە تەنها و بەبێ ئەم تەواوكارییە ناتوانێت لە یەكلاكردنەوەی ئەم دۆسیەیەدا بەردەوام بێت.
سەبارەت بە وردەكاریی پارە گەڕێنراوەكان، وتەبێژی حكومەت ئاشكرای كرد، قەبارەی ئەو پارانەی لە تۆمەتبارانی گەندەڵی وەرگیراوەتەوە گەیشتووەتە زیاتر لە دوو ترلیۆن و 682 ملیار دینار و زیاتر لە 781 ملیۆن دۆلار .
لە كۆتایدا عەبودی ئاماژەی بەوەشكرد، سندووقی نەوەكان، بۆ یەكەمجار ئاراستەیەكە بۆ دڵنیاییدان لە داهاتووی نەوەكان و وەك پاڵپشتییەكی دارایی داهاتە نەوتییەكان و گەنجینەی دەوڵەت بەهێز دەكات.