عیماد ئەحمەد 09:52 AM - 2026/07/27

مێژوو تەنیا تۆمارکردنی رووداوەکان نییە؛ ئاوێنەی ویژدانی نەتەوەکانە. هەر بڕیارێک، هەر هەڵوێستێک و هەر کردارێک کە ئەمڕۆ ئەنجام دەدرێت، دەتوانێت سبەی ببێتە لاپەڕەیەک لە مێژوو. بۆیە مێژوو تەنیا باسکردنی رابردوو نییە، بەڵکو پەیوەندییەکی زیندووی نێوان دوێنێ، ئەمڕۆ و سبەینێیە؛ پەیوەندییەک کە نەتەوەکان بەردەوام لە خۆیان دەپرسن: «چی فێربووین و بۆ کوێ دەڕۆین؟»
زۆرجار وا دەزانرێت مێژوو تەنیا بە جەنگەکان، ژیانی پاشاکان و ساڵنامەکان دەناسرێتەوە، بەڵام لەڕاستیدا ناوەڕۆکی مێژوو ژیانی مرۆڤە؛ بیرکردنەوە، هەڵەکردن، تاقیکردنەوە و سەرکەوتن. ئەرکی مێژوونووس تەنیا گێڕانەوەی چیرۆک نییە، بەڵکو دۆزینەوەی راستییە لەپشت چیرۆکەکانەوە.
پێش دۆزینەوەی نووسین، بیرەوەریی مرۆڤ لە گۆرانی، ئەفسانە و چیرۆکەکانی خەڵکدا پارێزراو دەبوو. بە دۆزینەوەی نووسین، یادەوەری بوو بە تۆمار، تۆمار بوو بە سەرچاوە و سەرچاوەش بوو بە بناغەی زانستی مێژوو. لێرەوە مێژوو لە چیرۆکگێڕانەوە جیا بووەوە و بوو بە زانستی لێکۆڵینەوە. بۆیە مێژوونووس نابێت دەنگی دەسەڵات بێت؛ دەبێت دەنگی بەڵگە بێت. دەسەڵات دەگۆڕێت، بەڵام بەڵگە، ئەگەر بە دروستی بپارێزرێت، دەمێنێتەوە.

 

ئەو نەتەوەیەی مێژووی خۆی بە ژیریی بخوێنێتەوە و جیۆگرافیای خۆی بە دانایی بەکاربهێنێت، داهاتووی خۆی بە دەستی خۆی دەنووسێت
هەر رووداوێک شایستەی ئەوە نییە ببێتە مێژوو. تەنیا ئەو رووداوانەی کاریگەرییەکی درێژخایەن لەسەر ژیانی مرۆڤ و ئاراستەی گەلان بەجێدەهێڵن، لە لاپەڕەکانیدا دەمێننەوە. زۆر هەواڵ ئەمڕۆ سەردێڕن، بەڵام سبەی لەبیر دەچنەوە؛ بەڵام هەندێک بڕیار لە چرکەیەکدا دەدرێن و کاریگەرییان سەدەها ساڵ دەمێنێتەوە. کاتیش باشترین دادوەری گرنگیی رووداوەکانە.
مێژوو لەسەر سێ کۆڵەکە وەستاوە: سەرچاوە، بیرەوەری و لێکدانەوە. سەرچاوە راستی دەپارێزێت، بیرەوەری گیانی رووداوەکان دەپارێزێت و لێکدانەوە مانایان بۆ داهاتوو رووندەکاتەوە. ئەگەر یەکێک لەم سێ کۆڵەکانە ون ببێت، وێنەی مێژوو ناتەواو دەبێت.
ئەمڕۆ هەر کەسێک بە مۆبایلێک دەتوانێت رووداوێک تۆمار بکات، بڵاوی بکاتەوە و کاریگەری دروست بکات. ئەمە لەلایەک پاراستنی بیرەوەریی ئاسانتر کردووە، بەڵام لەلایەکی ترەوە دەرگای درۆ، ساختەکاری و بانگەشەی بێبەڵگەی زیاتر کردووە. لە سەردەمی زیرەکیی دەستکرد و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، گەورەترین ئەرکی مێژوونووس کۆکردنەوەی زانیاری نییە؛ بەڵکو جیاکردنەوەی راستییە لە ناڕاستی. ئەو نەتەوانە سەرکەوتوون کە مێژووی خۆیان بە چاوێکی رەخنەگرانە خوێندووەتەوە، نەک بە چاوی پیرۆزکردن یان تۆڵەسەندنەوە. مێژوو بۆئەوە نییە تەنیا شانازیی بە رابردووەوە بکەین؛ بۆ ئەوەیە هەڵەکانمان بناسین و دووبارەیان نەکەینەوە.
کوردستان مێژوویەکی دەوڵەمەندی هەیە؛ مێژوویەک کە تەنیا لە ناو کتێبەکاندا نەماوەتەوە، بەڵکو لەناو زمان، ئەدەب، گۆرانیی، شوێنەوار، ناونیشانە کۆنەکان و بیرەوەریی خەڵکیشدا پارێزراوە. ئەگەر نەتەوەیەک میراتی مێژوویی خۆی لەدەست بدات، بەشێک لە ناسنامەی خۆشی لەدەست دەدات. بۆیە پاراستنی ئەم میراتە تەنیا ئەرکی مێژوونووسان نییە، بەڵکو ئەرکی هەموو کۆمەڵگەیە.
وانەکانی مێژوو هەر لە لاپەڕەی کتێبەکاندا نانووسرێن؛ لە شاخ و رووبار، سنوورەکان و شارەکانیشدا دەخوێندرێنەوە. زۆرجار جیۆگرافیا ئەو راستییانە دەردەخات کە وشەکان بە تەواوی ناتوانن بیڵێن. هەر بۆیە، با جوگرافیا و مێژوو، خۆیان قسە بکەن.
خەیاڵ بکە، لەسەر تولەڕێی  شاخی زەردە لە بەهەشی کوردستان، جیوگرافیا و مێژوو لە گفتوگۆدا بن. مێژوو دەڵیت: «من بەڵگەی ئەو هەموو هەڵە، قوربانی و دەرفەتانەم کە بە رابردووی نەتەوەکەماندا تێپەڕیون. هەر لاپەڕەیەکم ئاگادارکەرەوەی ئەوەیە کە ناکۆکیی ناوخۆ، دوورکەوتنەوە لە یەکڕیزی و نەبوونی ستراتیژی هاوبەش، هەمان هەڵەکان دووبارە دەکاتەوە».
جیوگرافیا بە ئارامیی وەڵامی دەداتەوە: «من ئەو خاکەم کە لەنێوان بەرژەوەندیی هێزە ناوخۆیی، هەرێمایەتی و جیهانییەکاندا کەوتووم. شوێنەکەم هەم دەرفەتی گەشەیە و هەم مەترسیی ململانێ. ئەگەر ژیریی سیاسی، یەکڕیزی و هاوسەنگی هەبێت، دەبمە پردی پەیوەندی و گەشەکردن؛ ئەگەر نەبێت، هەمان شوێن دەبێتە مەیدانی ملمـلانێ». کاتێک گفتوگۆکە گەیشتە لوتکەی شاخەکە، رۆحی شەهید سادق شەریف وەک بانگەوازێکی نیشتمانی، دەنگی بەرزکردەوە و فەرمووی: «داهاتووی ئەم خاکە بە سۆز و ئارەزوو ناپارێزرێت؛ بە یەکڕیزی دەپارێزرێت. تەنیا بە دروشم پێش ناکەوێت؛ بە ژیریی سیاسی، دامەزراندنی دامودەزگای بەهێز، حوکمڕانیی باش و بە فێربوون لە وانەکانی مێژوو پێش دەکەوێت. هەر نەتەوەیەک لە مێژووی خۆیەوە فێرنەبێت، ناچار دەبێت هەمان قوربانییەکان دووبارە بکاتەوە؛ بەڵام ئەوەی جوگرافیا و مێژوو پێکەوە بخوێنێتەوە، دەتوانێت چارەنووسی خۆی بە دەستی خۆی بنووسێت».
لەو ساتەدا، با لەنێوان دار و بەردەکاندا پەیامەکەی هەڵگرت و بەسەر شاخ و گرد و دۆڵ و شارەکانی کوردستاندا بڵاویکردەوە. مێژوو بێدەنگ بوو، چونکە هەرچی پێویست بوو بگوترێت، گوتبووی؛ جیۆگرافیاش ئارام بوو، چونکە دەیزانی چارەنووسی خاک پێش ئەوەی لەسەر نەخشە بنووسرێت، لە مێشک و ویژدانی مرۆڤەکاندا دەنووسرێت.
هەردووکیان لەسەر یەک راستی کۆک بوون: نەتەوەکان بە قەبارەی خاکیان گەورە نابن، بەڵکو بە قەبارەی ئەو وانانەی لە مێژووی خۆیان فێر دەبن. ئەو نەتەوەیەی مێژووی خۆی بە ژیریی بخوێنێتەوە و جیۆگرافیای خۆی بە دانایی بەکاربهێنێت، داهاتووی خۆی بە دەستی خۆی دەنووسێت. هەر بۆیە، مێژوو تەنیا بەڵگەی رابردوو نییە؛ رێنماییی داهاتووشە، جیۆگرافیاش تەنیا شوێن نییە؛ تاقیکردنەوەی دانایی، یەکڕیزی و بەرپرسیارێتی نەتەوەکانە.

وتارەکانی نوسەر