عیماد ئەحمەد 10:29 AM - 2026/09/10

کاتێک مرۆڤ لەگەڵ سێبەری خۆیدا دەدوێت

عیماد ئەحمەد

لە گەڕەکی عەقاری، لەو جەلەوە دووەمـەی سلێمانی کە پەناگەیەکی بۆ ڕۆحم خولقاندووە؛ لە سلیمانی، شاری میهر و مەملەکەتی وەفا و دوا مەنزڵگای ژیانم، بە تەنهایی لە باخچەی ماڵەکەمان، لەسەر کورسییەکی کۆن دانیشتبووم. تارمایی ئێوارە بە هێواشی باڵی بەسەر باخچەکەدا دەکێشا و سروەیەک بەنێو گەڵای دارەکاندا، وەک چرپەیەکی دوور و بیرەوەرییەکی زێڕین، دەپەیڤی. 
خۆم لەسەر کورسیە کۆنەکە دانیشتبووم و سێبەرەکەشم لەسەر زەوی درێژ راکشا بوو، وەک ئەوەی هەموو تەمەنم، بە خەون و تەنگانەکانییەوە، لەبەردەممدا ڕاکشابێت. لەنێوان جەلەوەی یەکەمدا، کە منداڵی و خەونە بێگەردەکانمی لە کەناری ئەڵوەندا تێدا بەجێ هێشت و جەلەوەی دووەمیشدا، کە پیری و هێمنیی خۆم بە باوەشی سلێمانی دەسپێرم، بێدەنگییەکی هەیبەتدار هەبوو؛ بێدەنگیی بەڵام لە دووتوێیدا دەنگ و ژاوەژاوی ڕابردووی لەخۆگرتبوو.
دیقەتی سێبەرەکەمم دا؛ ئەگەرچی لە جەستەی منەوە سەرچاوەی گرتبوو، بەڵام هەستم کرد درێژتر و قووڵتر لە بەژن و باڵای من دەردەکەوت. هەستم کرد هەموو ئەو ڕووداوانەی بوونە هەوێنی ژیانم، هەموو خەونە بەرزەکان، شکستە سەختەکان و خۆشەویستییە نەمرەکان، لە هەناوی ئەو سێبەرەدا کۆبووبوونەوە. لەناکاو سێبەرەکەم بێدەنگیی حەوشەکەی شکاند و پرسی:
- لەم هەموو ڕێگایەی بەسەر بەرد و بە کەناری ڕووباردا بڕیوتە، چی لە جەوهەری تۆدا بە زیندوویی ماوەتەوە؟
کەمێک بێدەنگ مامەوە، نەمدەزانی وەڵامی بدەمەوە، یان بێدەنگیەکە بگۆڕم بۆ دەنگی ناخی خۆم. دواجار وتم:
-  بیرەوەرییەکان؛ ئەو سامانەی هیچ دەسەڵات، زیندان و زەمانێک ناتوانێت لە ڕۆحی مرۆڤی بسەنێتەوە.
سێبەرەکە بە بزەیەکی حەسرەت ‌ئامێزەوە پێکەنی و وتی:
- بەڵام هەندێک لەو بیرەوەرییانە برینی قووڵن؛ بۆچی هێشتا وەک ئەمانەتێک لە کۆڵیان دەگریت؟
لەبەرخۆمەوە وتم:
- چونکە مرۆڤ تەنها بە ڕۆژە ڕووناکەکانی دروست نابێت. هەندێک برین ئەو کەلێن و پەنجەرانەن کە ڕووناکی و دانایی لێیانەوە دەچنە ژوورەوە. ئەگەر هەژاری نەبووایە، بایەخی نانم نەدەزانی؛ ئەگەر بێ ‌باوکی نەبووایە، گەرمیی باوەشی مامۆستا موحسینی خاڵم هەست پێ نەدەکرد؛ ئەگەر زیندان و ئەشکەنجە نەبووایە، مانای ئازادیم بەم قووڵییە درک پێ نەدەکرد؛ ئەگەر خەباتیش نەبووایە، نیشتمان لام تەنها پارچە ئەرزێک بوو، نەک ڕۆحێک کە لەناومدا هەناسە بدات.
سێبەرەکە وردتر لێی ڕوانیم و پرسی:
— ئەی دەسەڵات؟ ئەو توانی تۆ بگۆڕێت؟
پێموت:
- دەسەڵات جەوهەری مرۆڤ ناگۆڕێت، بەڵام چەوهەرەکەی دەردەخات؛ ئەوەی لە قوڵایی ناخیدا هەیە، ئاشکرا دەکات. ئەگەر ویژدان چرای ڕێگاکەی بێت، دەسەڵات دەبێتە خزمەت و میهرەبانی؛ ئەگەر خۆپەرستی ڕێبەری بێت، دەبێتە دیوارێکی بەرز لەنێوان مرۆڤ و خەڵکدا. لە خەباتدا فێربووم چۆن بۆ ئازادی بوەستم؛ لە دەسەڵاتیشدا فێربووم چۆن ئازادی بە بەرپرسیاری و ڕێزەوە بپارێزم.
ئەمجارە شنەبایەکی فێنک خۆی کرد بە باخچەکە و یەکدوو گەڵای زەردی بێ رۆحی خستە سەر سێبەرەکەم. ئەو گەڵایانە وەک وەرزێکی تەمەنم بوون لە لقی درەختێکی نزیکمەوە دابڕابێت. سێبەرەکە بە نەرمی و لەسەرخۆ، بەڵام بە خەفەتەوە پرسی:
- ئەگەر بتوانیت بگەڕێیتەوە سەرەتای ڕێگاکە، چی دەگۆڕیت؟
بێ دوودڵیی وتم:
- وشەی میهرەبانانە زووتر و زۆرتر دەڵێم، هەندێک بێدەنگیی تاڵ کەمتر دەکەمەوە و هەندێک کەسی ئازیز زیاتر دەگرمە باوەش. بەڵام هەنگاوەکانی ڕێگاکەم ناگۆڕم؛ چونکە هەر هەنگاوێک، چ بەسەر بەرد و دڕکدا بووبێت و چ بەناو گوڵدا، منی گەیاندووەتە ئەمڕۆ.
خۆر لە پشت دیواری باخچەکە ون بوو و سێبەرەکەشم وردە وردە لەگەڵ ئاوابوون تەنکترو کورتتر بووەوە. پێشئەوەی بە تەواوی لە تاریکیی شەودا بتوێتەوە، دوا پرسیاری ئاڕاستە کردم:
- کەواتە… تۆ بەڕاستی کێیت؟

چاوم نووقاند؛ کەمێک بیرم کردەوە؛ کوردستان، خانەقین، ئەڵوەن، جەلەوە، خەبات، یەکێتی، زیندان، شاخ، سلێمانی و هەموو ئەو ڕووخسارە ئازیزانەی لە سەفەری ژیاندا خۆشمویستوون، لە ناخمدا وەک ئەستێرە درەوشانەوە. ئنجا وتم:
- کۆکراوەی هەموو ئەو کەس و شوێن و ساتانەم کە شوێنەوارێکیان لە ڕۆحمدا بەجێ هێشتووە. ئەو منداڵەم کە هێشتا لە کەناری ئەڵوەندا خەونی گەورە دەبینێت، ئەو پیرەمێردە بە ئەزموونەشم  کە لە عەقاری لەگەڵ سێبەری خۆیدا دەدوێت.
تاریکی باخچەکەی بە تەواوی داپۆشی و سێبەرەکەشم لەبەرچاوان ون بوو؛ بەڵام پرسیارەکانی هێشتا لە قوڵایی ناخمدا دەنگی دەدایەوە. ئەوسا باشتر تێگەیشتم: سێبەر تەنها لە ڕووناکیدا وەک هاوڕێیەک لەگەڵماندا دەڕوات، بەڵام ڕاستییەکانی ناو سێبەر، تەنانەت لە تاریکیشدا، هەرگیز بەجێمان ناهێڵن.
مرۆڤ کاتێک لەگەڵ سێبەری خۆیدا دەدوێت، لە ڕاستیدا لەگەڵ ئەو کەسە گفتوگۆ دەکات کە ساڵانێک لە قوڵایی ناخیدا ون بووە؛ کەسێک کە هیچ ڕێگا، دەسەڵات و زەمانێک ناتوانێت لێی دووربخاتەوە: خودی خۆی.

وتارەکانی نوسەر