کەژاڵ ئەحمەد
گۆرانییەکی کوردی ناخهەژێن هەیە دەڵێت: «دڵێ ئێژێ بڕۆم بڕۆم، دڵەی دیم ئێژێ نەڕۆم نەڕۆم»، کە بە دەنگی زۆر لە هونەرمەندان بیستوومانە، ئەم گۆرانییە لەگەڵ دوو دڵی جیهاندا بەرامبەر بە درێژەدان بەشەڕ یان راگەیاندنی ئاشتی دەگونجێت و بۆ بارودۆخی راوەستاوی کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بۆ هەموو دوودڵییە ناوخۆیی و جیهانەکانیش دەشێت. نامەوێت لە گۆشەی ئەمڕۆمدا باسی شەڕ و چارەنووسی هەرێمەکەمان بکەم با لەگەڵ گۆرانییەکەشدا بگونجێت، بەڵکو پێم باشە باس لە سەرسامیی و دوودڵیی مرۆڤ بکەم لەبەرانبەر بەکارهێنان، یان بەکارنەهێنانی زیرەکیی دەستکردا. باشە کورد بەگوێی کام دڵەیان بکات؟ ئەوەیان کە پێی دەڵێت بڕۆ، یان ئەوەیان کە دەڵێت مەڕۆ؟ بێگومان گۆرانیی کوردی لەم وەرە و بڕۆیەدا زۆر سەیرە، چونکە لەیەک چرکەدا دەیەوێت بێیت و بشڕۆیت، ئەمەش نیشانەی ترسە لە هەڵبژاردن، ئەوەتا بەناوبانگترین گۆرانیی کوردی کە بەرهەمی زیرەکیی دەستکرد بوو، هەر بوو بە ترێندیش لە سەرتاپای جیهاندا، شیعرەکەی دەڵیت: «کورمانجی هەرە گوڵێ» واتا کرمانجی گوڵ بڕۆ»، دواتر دەڵێت بڕۆ دڵی من، کەچی دوای ئەم دوو دێڕە دەڵیت: «وەرە با من گوڵێ، ئەز بێ توو، توونەم مە»، واتە: وەرە بۆلام گوڵێ، من بەبێ تۆ نەماوم، یان هیچ نیم. دوودڵیی کوردانە کە بە حەزەر و هەستکردن بە مەترسی دەورەدراوە لەناو بەرهەمە ئەدەبی و هونەرییەکاندا و بە روون و راشکاویی لە فۆلکلۆری کوردیشدا رەنگیداوەتەوە. میللەتان بەشێوەیەکی گشتی لەبەردەم هەموو تەوژم و داهێنراوێکی نوێدا دوودڵییان نواندووە، تەنانەت لەناو خودی ئەو وڵاتانەشدا کە خودانی داهێنراوەکەن. ئەوەی دەیبینین میللەتان تا خوێنەوار و بیرکراوەتربن باشتر داهێنراوە نوێیەکان دەخەنە خزمەتی خۆیان و نەوەکانی ئایندەوە. ئێمە ناتوانین لەبەردەم پێشکەوتنە خێراکەی دنیا بەهۆی پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیاوە دوودڵ و سەرسام بوەستین و گۆرانیی «دڵێک ئێژێ بڕۆم و دڵیک ئێژێ نەڕۆم» بڵێین، چونکە وەک بینیمان مۆبایل و تابلیت و لابتۆپ و ئەوانی تر بە خێرایی هەورەبروسکە و بەربوونی ئاگر لە کا، بڵاوبوونەوە و ئەو منداڵەش کە هێشتا زمانی نەپژاوە و پێی نەگرتووە، داوایان دەکات، هەروەها ئەو بەتەمەنانەش کە دان لەدەمیاندا نەماوە و کەم توانا بوون ئەوانیش بەبێ ئەم نیعمەت و نیقمەتە هاوچەرخە ناژین. کەواتە ژیریی دەستکردیش پاش ماوەیەکی دی دەبێت بە بەشێک لە ژیانمان وەک چۆن بووە بە بەشێک لە سوودمەندبوون لە هەندێک شوێنی جیهاندا. ئەوەتا کۆمپانیای نێتفلێکس دەڵێت ئەم ساڵ زیرەکیی دەستکرد لە 300 کاری هونەرییدا بەکارهاتووە، بەتایبەتی بۆ ئەو بەرهەمە هونەرییانەی دیمەنی قەرەباڵغییان تێدایە، هەروەها بۆ دیمەنی جەنگیش. ئەم بەکارهێنانەی زیرەکیی دەستکر بێجگە لەوەی تێچووی ماددی بەرهەمەکان کەمدەکاتەوە و سوودی ئابووریی زیاد دەکات، ماوەی بەرهەمهێنانی کارەکان خێرا دەکات. بێگومان سوود و زیانەکانیشی بۆ بواری میدیا لە باسە گەرمەکانی ئێستایە و هەموو میدیاکارێک واباشە زەخیرەی زانیارییەکانی لەم بوارەدا زیاتر بکات. بەم باسە ویستم یارمەتی ئێوە و خۆشم بدەم، کە لەگەڵ پێشکەوتندا بڕۆین.