ڕێبوار ستار
ڕێبوار ستار
کاتێک ناوی مام جەلال بە چەمکی کوردایەتیەوە دەبەستینەوە، تەنها باس لە وشە و زاراوەیەک ناکەین، بەڵکو باس لە خوێندنگەیەکی فکری، نیشتمانی و مرۆڤایەتی دەکەین. لە ناو ئەو خوێندنگەیەدا، کە سەرۆک مام جەلال دامەزرێنەر و مامۆستای بووە، ئێستا و پاش رۆژگارێک لە کۆچەکەی، ئەو خویندنگایە هەر بەهێز و بە پێز و بە بەرهەم ماوەتەوە و نەوە دوای نەوە پێدەگەیەنێت.
ـ سەرۆک مام جەلال لەو خوێندنگە گەورەیەوە فێری دەکردین، کە کوردایەتی تەنها هەڵگرتنی ئاڵا و دروشم نییە، بەڵکوو بریتییە لە پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ، خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵک، دڵسۆزی بۆ نیشتمان و هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتی لە هەموو دۆخێکدا. لە ژیانی ئەودا کوردایەتی بە کردار دەبینرا، نەک تەنها بە قسە.
ـ گەورەییی سەرۆک مام جەلال لەوەدا بوو کە خەباتی چەکداری، تێکۆشانی سیاسی و داناییی دیپلۆماسیی بەیەکەوە کۆکردبووەوە. ئەو دەیزانی کە سەرکەوتنی گەلان تەنها لە مەیدانی شەڕدا بەدەست ناهێندرێت، بەڵکوو پێویستی بە بیرکردنەوەی قووڵ، ستراتیژیی دروست و توانای گفتوگۆ هەیە.
ـ ئەو باوەڕی وابوو کە یەکگرتوویی، هێزی گەلە. هەرچەندە جیاوازیی سیاسی و فکری هەبێت، بەڵام هەموو ئەوانە دەکرێت لە پێناوی بەرژەوەندیی نیشتماندا لەسەر یەک مێز کۆببنەوە. ئەم بیرۆکەیە بوو کە مام جەلالی کرد بە سیاسەتمەدارێکی لێهاتوو و سەرکەوتوو، وە ڕابەر و سەرکردەیەک کە هەمیشە ئامادە بوو بۆ دۆزینەوەی ڕێگەی چارەسەر.
ـ خوێندنگەی مام جەلال نەوەکان فێر دەکات کە سەرکردایەتیکردن بە مانای گوێگرتنە پێش قسەکردن، هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتییە پێش داواکاری، خزمەتکردنی خەڵکە پێش هەر بەرژەوەندییەکی تایبەت. ئەو باوەڕی وابوو ئەو سەرکردەیەی خەڵکی خۆی خۆش دەوێت، دەبێت لە کاتی سەختیدا لە پێش هەمووانەوە بێت، نەک لە دواوەیان.
ئەمڕۆ، پاش تێپەڕبوونی ساڵان، هێشتا بیر و میراتی مام جەلال زیندون و بە زیندویی دەمێننەوە، چونکە ئەو تەنها یادەوەرییەکی بەجێنەهێشت، بەڵکوو خوێندنگەیەکی تەواوی بەجێهێشت، خوێندنگەیەک، کە وانەکانی بریتین لە یەکگرتوویی، ئازایەتی، دانایی، لێبوردەیی، گفتوگۆ، خزمەتکردن بە خەڵک و خۆشەویستی بۆ خاک و نیشتمان.
مام جەلال بە کردار سەلماندی کە کوردایەتی ئەخلاقە، بەرپرسیاریەتییە و پەیامێکی مرۆڤایەتییە. هەر بۆیە ناوی ئەو تەنها بەشێک لە مێژووی کوردستان نییە، بەڵکوو پەڕەیەکی درەوشاوەیە لە خوێندنگەی گەورەی کوردایەتیدا، خوێندنگەیەک کە هەر نەوەیەک دەتوانێت لێی فێری خۆشەویستیی نیشتمان، دانایی لە بڕیاردان و دڵسۆزی بۆ گەل ببێت.