ڕێبوار ستار 11:47 AM - 2026/05/24

یەکێتی بە دیدگایەکی نوێوە
ڕێبوار ستار 

مێژووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، زنجیرەیەک وەرچەرخانی ستراتیژییە، کە لە ساتەوەختی دامەزراندنییەوە بە ڕابەرایەتیی سەرۆک مام جەلال دەستی پێکرد. ئەو قۆناغە بە ئیرادەی کۆمەڵێک گەنجی بوێر لەوپەڕی بێئومێدیدا هاتە کایەوە و جارێکی تر هیوای شۆڕشگێڕانەی لە ناخی کۆمەڵانی خەڵکدا ڕواندەوە. یەکێتی لە درێژایی ئەو ڕێڕەوە پڕ لە هەوراز و نشێوەدا، بە خەباتی دەیان سەرکردە و هەزاران پێشمەرگە، توانی ببێتە کۆڵەکەی سەرەکیی پرۆسەی سیاسی و ڕزگاریخوازی لە کوردستان.

ئەم حزبە هەمیشە وەک قەوارەیەکی زیندووی کاریگەر مامەڵەی لەگەڵ گۆڕانکارییەکان کردووە و هەرگیز لە نوێکردنەوەی دیدگا، ئۆرگان و پرەنسیپەکانی خۆی سڵی نەکردووەتەوە. لەم قۆناغەی ئێستاشدا، کە سەردەمی تەکنەلۆژیا و زانستی بەڕێوەبردنە، یەکێتی بە سەرۆکایەتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی، هەنگاوی بۆ گۆڕانکارییەکی جەوهەری و ستراتیژی ناوە. ئەم پرۆسەیە کە بە وردی لەلایەن مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتییەوە لێکدراوەتەوە، ئامانجی نوێکردنەوەی شێوازی کاری ڕێکخراوەیی و گونجاندنی حزبە لەگەڵ پێداویستییەکانی سەردەمی نوێدا.
پایەی سەرەکیی ئەم گۆڕانکارییانە، پشتیوانیکردن لە توانای گەنجان و ژنان خوێنی نوێیە بۆ ئەوەی لە جومگە گرنگەکانی بڕیاردان و ئۆرگانەکاندا ڕۆڵی پێشەنگ ببینن. لە هەمان کاتدا، ئەم ڕێبازە هاوسەنگییەکی وردی لە نێوان ئەزموونی تێکۆشەرە دێرینەکان و وزەی گەنجاندا دروست کردووە؛ بە جۆرێک کە ڕێز لە مێژووی تێکۆشەران بگیرێت و لە ئەنجومەنی تایبەتدا سوود لە ئەزموونیان وەربگیرێت. ئەمە دەرفەتێکە بۆ ئەوەی هەموو تێکۆشەران بەپێی توانا و ئەزموونیان لە خزمەتکردنی دۆزی گەل و یەکێتیدا بەردەوام بن.
لە ئێستادا یەکێتی بە ستراتیژییەکی نوێوە، وەک حزبی دەنگدەر و هەڵبژاردن، هەوڵ دەدات بە سوودوەرگرتن لە دابەشبوونی ناوەند و بنکە و وێستگەکەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئۆرگەکانی رێکبخاتەوە. ئەم گۆڕانکارییانە تەنها ڕووکەش نین، بەڵکو بزوێنەری نوێکردنەوەی جۆش و خرۆشی ئۆرگانەکانن بۆ ئەوەی یەکێتی بە هێزێکی زیاتر و بە بەرگێکی مۆدێرنەوە لە گۆڕەپانی سیاسیی کوردستان و عێراقدا جێگەی خۆی بپارێزێت.
بەمجۆرە یەکێتی دەیەوێت وەک هێزێکی کاریگەر و خزمەتگوزار، بە دیدگایەکی سەردەمیانە درێژە بە کاروانی خەباتی خۆی بدات و بەشدارییەکی کارا لە بنیادنانی ژیانێکی شایستە بۆ خەڵکدا هەبێت، وەک چۆن لە سەرەتاوە بۆ خزمەتکردن، ئاوەدانی و دیموکراسی دروست بووە.

وتارەکانی نوسەر