سیناتۆرێكی باڵای ئەمریكا هۆشداریی كۆتایی ئاراستەی تاران دەكات و رایدەگەیەنێت، دۆناڵد ترەمپ بڕیاری یەكلاكەرەوەی بۆ بەكارهێنانی توندترین هێزی سەربازی داوە، ئەگەر گەرووی هورمز نەكرێتەوە.
لیندزی گراهام سیناتۆری باڵای ئەمریكا، لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس نوسیوێتی، دۆناڵد ترەمپ، بڕیاری كۆتایی داوە بۆ گەڕاندنەوەی ئازادیی كەشتیوانی لە گەرووی هورمز. گراهام ئاماژەی بەوەشكردووە، واشنتۆن ئامادەیە توندترین هێزی سەربازی بۆ جێبەجێكردنی ئەم بڕیارە بەكاربهێنێت.
ئەم سیناتۆرە ئەمریكییە اتەئكیدیشی كردووەتەوە لەوەی،سەرۆكی ئەمریكا لەسەر دواین مۆڵەتی بۆ ئێران زۆر جددییە و هیچ دوودڵییەكی تێدا نییە. بەوتەی گراهام، تاران تەنیا 2 بژاردەی لەبەردەمدایە؛ كردنەوەی دەستبەجێی گەرووی هورمز، یان ڕووبەڕووبوونەوەی وەڵامێكی سەربازیی گەورە كە تەواوی ژێرخان و ناوەندە ستراتیژییەكانی ئەو وڵاتە تێكدەشكێنێت.
لیندزی گراهام، كە وەك كەسایەتییەكی نزیك لە ناوەندی بڕیاری كۆشكی سپی دەناسرێت، ئاماژەی بەوە شكردووە، هێشتا هیوایەكی كەم ماوە بۆ چارەسەری پرسی یۆرانیۆمی پیتێنراو و كێشەی گەرووی هورمز لە ڕێگەی دیبلۆماسییەوە. بەڵام هۆشداریی دا كە دەرگای دیبلۆماسی خەریكە بە تەواوی دادەخرێت و ئەمریكا لە گفتوگۆ ناڕاستەوخۆكان بێ ئومێد بووە.
ئەم لێدوانانە لە كاتێكدایە كە كات بەرەو تەواوبوونی ئەو مۆڵەتە 48 سەعاتییە دەچێت كە سەرۆكی ئەمریكا بۆ ئێرانی دیاری كردبوو، ئەمەش ئەگەری وەشاندنی گورزی سەربازیی لە هەر ساتێكدا زیاتر كردووە.