دوای ئەوەی یەكەی درۆنیی ئۆكرانی لە بەرەكانی پێشەوە ژنێكی بەتەمەن دەبینن لەژێر تەق و تۆقی جەنگ و لە نزیك تەرمەكانی گوندنشینانی دەوروبەری بە رێگایەكدا بەتەنها بە گۆچانی دەستییەوە رێ دەكات، هەوڵ دەدەن بەخێرایی رزگاری بكەن.
دوای ئاگادەركردنەوەیان، دەستبەجێ سەربازانی یەكەی زەمینی ئۆكرانیا، رۆبۆتێكی كۆنتڕۆڵكراو كە لەشێوەی ئۆتۆمبێلە ئامادەدەكەن و بەرەو رووی ژنەكەی دەنێرن، رۆبۆتەكەش بە درۆن چاودێری دەكرێت.
ئەوەی جێی سەرنجە سەربازەكان رۆبۆتەكە بە بەتانی یان سەرچەفێك دادەپۆشن بۆ ئەوەی ئەو ژنە نەترسێت و لەسەر رۆبۆتەكەش بە پەیامێك دەنوسن كەنووسراوە "داپیرە لێرە دابنیشە"، جا ژنەكەش كاتێك رۆبوتەكە دەبینێت بەرەو رووی دەروات و لە جێگەی دانیشتنەكەی دادەنیشێت، رۆبۆتەكەش بەرەو ئەو شوێنە دەگەڕیتەوە كە لێوەی نێردراوە و بەسەلامەتی ژنەكە رزگار دەكات.
میدیاكان ئاماژە بەوەدەكەن، ژنە رزگاركراوەكە تەمەنی 77 ساڵە و 53 ساڵە لە ماڵەكەی خۆیدا لە شارۆچكەی لیمان ژیاوە، ماڵێك كە لەلایەن هێزەكانی روسیا وێران كراوە.