پڕۆژە یاسایەک لە عیراق ئامادەكراوە كەمترین مووچە دەبێتە 400 هەزار دینار

عیراق 01:42 PM - 2026/08/24

پڕۆژەیاسایەك بۆ هەمواری پلەبەندیی مووچەی فەرمانبەران دەدرێتە سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق. لەو پڕۆژەیاسایەدا پێشنیاری ئەوە كراوە كە لە سێ ساڵدا گۆڕانكاری لە مووچەدا بكرێ، بە جۆرێك كەمترینی 400 هەزار دینار و زۆرترینی دوو ملیۆن و 500 هەزار  دینار بێ.

ئەو پڕۆژەیاسایە بە ناوی (هەمواركردنی پلەبەندیی مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەتی عیراق)ە، كە بە زیاتر لە 40 ئیمزاوە پێشكەشی سەرۆكایەتیی  ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراپ كراوە.بەپێی پڕۆژەكەپلەی وەزیفیی فەرمانبەران بە 10 پلە دیاریكراوە. دوایین پلە بە جۆرێكە كە مووچەی بنەڕەتییەكەی 400 هەزار دینارە و بەرزترینیشیان كە پلە یەكە، مووچەی بنەڕەتیی  دوو ملیۆن و 500 هەزار دینارە.

ئەوەی پەیوەندیدارە بە دەرماڵەوە، لە پڕۆژەیاساكەدا ئاماژە بەوە كراوە كە دەرماڵەی خاوەن بڕوانامەی دكتۆرا 30%ی مووچەی بنەڕەتی بۆ تێكڕای مووچەكەی زیاد دەكرێ، ماستەر 20% و بەكالۆریۆس 15% دەبێت.دەرماڵەی مەترسی دەگاتە 50% بەپێی  سرووشتی ئەو شوێنەی فەرمانبەرەكە كاری تێدا دەكات. دەرماڵەی شوێنی جوگرافیش وا دیاریكراوە كە فەرمانبەری ناوچە دوورەكان 20% و ناوچە مەترسیدارەكان 30%ی مووچەی بنەڕەتیی فەرمانبەرەكە بێت.

سەرمووچەی فەرمانبەران سێ ساڵ جارێك دەبێت، لەكاتێكدا ئێستا بە چوار بۆ پێنج ساڵ جارێكە بەپێی پلەی فەرمانبەرەكە. جێبەجێكردنی پڕۆژەیاساكە بە سێ قۆناغ و بە سێ ساڵ دەبێت: ساڵی یەكەم یەكخستنی پلەبەندیی مووچە، ساڵی دووەم هەمواری جیاوازییەكان، ساڵی سێیەم سەقامگیركردنی سیستمی مووچە.

ئەو پێشنیازە یاساییە بەر لەوەی بنێردرێ بۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران، دراوە بە لیژنەی یاسایی  ئەنجومەنەكە بۆ ئەوەی بۆچوونی خۆیان لەبارەیەوە بدەن.بەپێی نووسراوێكی سەرۆكی لیژنەی یاسایی پەرلەمان، ئەو پڕۆژەیاسایە پێویستی بە رەزامەندیی حكومەتە بەر لەوەی رێكارەكانی یاسادانان و دەنگدان لەبارەیەوە ئەنجام بدرێ.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو