ئیال زەمیر سەرۆكی ئەركانی سوپای ئیسرائیل رایدەگەیەنێت، ئامادەن دەستبەجێ بگەڕێنەوە بۆ شەڕی چڕوپڕ دژی ئێران و كاركردن بۆ لاوازكردنی زیاتری توانا سەربازییەكانی ، دەشڵێت، بەردەوام دەبن لە بە ئاماجگرتنی ژێرخانی حزبوڵای لوبنان.
ئیال زەمیر لە هەڵسەنگاندنی دۆخی مەیدانی و پەسەندكردنی پلانی ئۆپراسیۆنەكانی لە فەرماندەیی باكوور رایگەیاند،سوپا بەردەوام دەبێت لە پاراستنی بەرزترین ئاستی ئامادەیی بۆ مامەڵەكردن بەپێی پێشهاتەكان، تەئكیدیشی كردەوە لەوەی، هێزەكانی ئیسرائیل لە نزیكەوە چاودێری جموجۆڵەكانی ناوچەكە دەكەن و ئامادەكاری دەكەن بۆ هەر ئەگەرێكی هەڵكشان.
سەرۆكی ئەركانی ئیسرائیل باسی لەوەشكرد،ئۆپراسیۆنەكانی دژ بە حزبوڵای لوبنان لە ئاستە جیاجیاكاندا بەردەوامن و ئاسایشی دانیشتوان و هێزەكان لە پێشینەی كارەكانیانە.بە وتەی زەمیر،سوپای ئیسرائیل پلانی نوێی بۆ درێژەدان بە ئۆپراسیۆنە سەربازییەكان لە باكووری وڵاتەكە پەسەندكردووە، بە گرنگیدان بە قووڵكردنەوەی هێرشەكان بۆ سەر ژێرخانی حزبوڵا.
مانگی نیسانی رابردوو، ئەمریكا رێككەوتنی ئاگربەستی نێوان لوبنان و ئیسرائیلی راگەیاند ، ئەوەش دوای دانوستانی راستەوخۆی نێوان هەردوولا بە میوانداری واشنتۆن.
دواتر ڕێككەوتنەكە دووجار درێژكرایەوە، دوایین جاریش بۆ ماوەی 45 ڕۆژ درێژكرایەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەكانی ئەمریكا بۆ پاڵنانی دانوستانەكانی نێوان هەردوولا بەرەو لێكتێگەیشتنی ئەمنی فراوانتر.
سەرەڕای ڕاگەیاندنی حزبوڵا كە دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل ئەنجام نادات، بەڵام پابەندبوونی خۆی بە ئاگربەستەكە دووپاتكردەوە، بە مەرجێك وەستاندنی هەمەلایەنەی شەڕەكان و كشانەوەی تەواوەتی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان لەخۆبگرێت.بەڵام ئاگربەستەكە بە هەستیاری ماوەتەوە.