سیستمی ئەسیكۆدا لە ئیبراهیم خەلیل جێبەجێدەكرێت

کوردستان 10:46 AM - 2026/05/25

حكومەتی فیدراڵی رەزامەندی دا، لە یەكی حوزەیرانەوە سەرجەم كاڵاكان لە رێگەی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل  بەپێی  سیستمی ئەسیكۆدا هاوردە بكرێن .

بەپێی نووسراوێكی عەلی رەزوقی لامی، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عیراق كە ئاراستەی وەزارەتی دارایی فیدراڵی كردووە، تێیدا رەزامەندی دراوە لەسەر ئەوەی لە یەكی حوزەیرانەوە رێگە بدرێت بە هاوردەكردنی سەرجەم كاڵاكان لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە بە سیستمی ئەسیكۆدا.پێشتر تەنیا دەرمان و خۆراك رێگەپێدراو بوو كە لەو دەروازەیەوە و لە رێگەی سیستمی ئەسیكۆدا و گومرگی پێشوەختە هاوردە بكرێت. 

بەپێی بڕیارە نوێیەكە بازرگانان دەبێت مامەڵەی گومرگی پێشوەختە لە رێگەی حكومەتی فیدراڵییەوە بكەن و گومرگی بارەكانیان پێشوەختە بدەن و لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل جیاوازیی گومرگ وەردەگیرێت جگە لەو گومرگەی پێشتر دراوە. بەهۆی ئەوەی هێشتا بەغداد و هەولێر نەگەیشتوونەتە رێككەوتنێكی یەكجاری لەبارەی یەكخستنی پێناسی گومرگی، ئەو كاڵایانەی لە رێگەی ئیبراهیم خەلیلەوە هاوردە دەكرێن بەپێی پێناسی گومرگی هەرێمی كوردستان گومرگیان لێ وەردەگیرێت جیا لەوەی حكومەتی فیدراڵی وەریدەگرێت.

 بەپێی ئامارێكی بانكی ناوەندیی عیراق ، تائێستا 23 دەروازەی وشكانی، ئاسمانی و دەریایی سیستمی ئەسیكۆدای تێدا جێبەجێ كراوە، كە سیستمێكی ئەلیكترۆنییە بۆ بەستنەوەی گومرگی دەروازە سنوورییەكان بە فەرمانگە پەیوەندیدارەكانەوە.لەو 23 دەروازەیەی كە چوونەتە ناو سیستمی ئەسیكۆداوە، شەشیان لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێرانە، سیانیان لەگەڵ سوریایە و لەگەڵ هەر یەك لە سعودیە، كوەیت و ئوردن یەكی یەك دەروازە لەو سیستمەدان.

پێشتر حكومەتی هەرێمی كوردستان رێگەی نەدەدا سیستمی ئەسیكۆدا لەدەروازەی ئیبراهیم خەلیل جێبەجێ بكرێت، بەڵام دوای ئەوەی حكومەتی عیراق بڕیاریدا رێرەوی بازرگانی لەگەڵ توركیا بگۆڕێت و دەروازەیەكی نوێی لەپارێزگای نەینەوا لەسەر سنووری سوریا بۆ هاوردەكردنی كەلوپەلی توركی بەشێوەیەكی ترانزێت كردەوە، ئەوەش بووە هۆی كەمبوونەوەی جموجۆڵی گەشتیاری لەدەروازەی ئیبراهیم خەلیل، ئەوەش وایكرد حكومەتی هەرێم لەبڕیارەكەی پێشووی پاشگەزببێتەوە و رەزامەندی نیشاندا بەجێبەجێكردنی سیستمی ئەسیكۆدا لەدەروازەكە.
 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو