لە عیراق 1050 كۆمپانیای گەشتیاریی رەسمی هەیە

عیراق 11:24 AM - 2026/05/28

دەستەی گەشتوگوزاری عیراق، بۆ رێگریی لەكاری كۆمپانیا گەشتیارییە وەهمییەكان لە بازگەكانی نێوان پارێزگاكانی عیراق و هەرێمی كوردستان تیمەكانی جێگیر دەكات، هەر كۆمپانیایەكی رسمیش  سەرپێچی بكات 500 هەزار دینار سزا دەدرێت.

عەلی یاسین عەبدولڕەزا، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری عیراق ڕایگەیاند، لیژنە گەشتیارییەكان لە هەموو پارێزگاكان، خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بۆ چاودێریی ناوچە گەشتیارییەكان، لە پێناو گەرەنتیی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان بە باشترین كوالیتی.

ڕاشیگەیاند، دەستەی گەشتوگوزار لە بازگەكانی سەر رێگاكانی چوون بۆ هەرێمی كوردستان و بە تایبەت هەردوو بازگەی كەركووك و شەعب تیمی داناوە بۆ چاودێریی گرووپە گەشتیارییەكان و ، وردبینی لە بەڵگەنامەكانیان دەكرێت لە پێناو دڵنیابوونەوە لەوەی رەسمین  و وەهمی نیین.

وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری عیراق ئاشكراشیكردووە، ژمارەی كۆمپانیا گەشتیارییە رەسمی و مۆڵەتپێدراوەكان بەپێی  رێنماییەكانی دەستەی گەشتوگوزار گەیشتووەتە هەزار‌و 50 كۆمپانیا. ڕوونیشیكردووەتەوە، سزای كۆمپانیا سەرپێچیكارەكان بە ئاگاداركردنەوە و سزای دارایی كە دەگاتە 500 هەزار دینار، لە حاڵەتی بەردەوامبوونی سەرپێچییەكە مۆڵەت لە كۆمپانیاكە وەردەگیرێتەوە، كۆمپانیا وەهمییەكانیش دەدرێنە دادگا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو