وەزیری جەنگی ئەمریكا هەڕەشەی دەستپێكردنەوەی هێرشەكان بۆسەر ئێران دەكات ئەگەر ئەو وڵاتە لەگەڵیان نەگاتە ڕێككەوتن، لەكاتێكدا دانوستانكاران كار بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگەكانی ڕێككەوتن دەكەن.
پێت هێگسێس وەزیری جەنگی ئەمریكا ڕایگەیاند، ئەمریكا ئامادەیە بۆ دەستپێكردنەوەی هێرشەكان بۆسەر ئێران، ئەگەر لەگەڵی نەگەنە ڕێككەوتن، ئەمەش لەكاتێكدایە هەوڵی دانوستانكارانی تاران و واشنتۆن بۆ ئەوەیە ئاستەنگە سەرەكییەكان تێپەڕێنن بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن.
هێگسێس لە سەنگافورە بە ڕۆژنامەنوسانی وت، توانای ئەوەمان هەیە ئەگەر پێویست بكات، كۆگاكانمان زیاتر لەوەی تێدایە كە پێویستە لێرە بێت یاخود هەر شوێنێكی جیهان ئێمە لە دۆخێكی زۆرباشداین.
وەزیری جەنگی ئەمریكا باس لەوەدەكات، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا ئارامگرە و دەیەوێت ڕێككەوتنێكی گەورە ئەنجام بدات، كە بەهۆیەوە ئێران نەبێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمیی.
وتەكانی وەزیری جەنگی ئەمریكا لەكاتێكدایە، ڕۆژی هەینی ترەمپ ڕایگەیاند، لە ژوورێكی هێمنی كۆشكی سپی كۆبوونەوە ئەنجام دەدات بۆ ئەوەی بڕیاری كۆتایی وەربگرێت سەبارەت بە كۆتایی هێنان بە جەنگ لەگەڵ ئێران، كە دەكرێت ئاگربەست 60 ڕۆژ درێژ بكرێتەوە و لەو ماوەیەشدا دانوستانكاران دەتوانن بگەنە ڕێككەوتنێك كە بە یەكجاری كۆتایی بە ململانێكان بهێنێت.
ئەو جەنگەی لە 28 ی شوباتی 2026 لە نێوان ئەمریكا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەستیپێكرد، بەهۆیەوە هەزاران كەس كوژراون و برینداربوون، دوای 39 ڕۆژ جەنگەكە لەگەڵ ئێران ڕاگیرا، بەڵام لە لوبنان، ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشەكانی و تائێستا زیاتر لە سێ هەزار كەس كوژراون.
جەنگەكە تەنها زیانی گیانی لێنەكەوتووەتەوە، جگە لە ماڵوێرانی و ئاوارەبوونی دەیان هەزار كەس، ئاستەنگ و هەڵاوسانێكی زۆری ئابوری و بەتایبەتیش لە بواری وزە لەسەر ئاستی جیهان دروستكردووە، دوای ئەوەی بەهۆی جەنگەوە ئێران گەرووی هورمزی داخست بەوەش یەك لەسەر پێنجی وزەی جیهان هیچ رێگەیەكی نەما.