لەكاتێكدا هیواكان بۆ رێككەوتنی نێوان ئێران و ئەمریكا سەبارەت بە كردنەوەی گەرووی هورمز و تەسلیمكردنی یۆرانیۆمی پێنێنراو پەرەی دەسەند، فڕۆكە جەنگییەكانی واشنتۆن هێرشیان كردە سەر ئێران و بنكەكانی راداریان لەو وڵاتە كردە ئامانج ، هاوكات تارانیش بە درۆن و مووشەك هێرشی كردە سەر بنكەیەكی سەربازی لە كوەیت.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمریكا (سێنتكۆم) رایگەیاند، هێرشیان كردووەتە سەر چەندین بنكەی راداری و ناوەندی كۆنترۆڵكردنی درۆن لە ناو خاكی ئێران.بەپێی راگەیەندراوێكی سێنتكۆم، هێرشەكان لە دوو رۆژی رابردوو كراون و ئامانج لێیان بنكە سەربازییەكانی ناوچەی گۆرۆك و دوورگەی قشم بووە.
ئەمریكا دەڵێت، ئەم هێرشانە وەك وەڵامێك بوون بۆ كارە دوژمنكارییەكانی ئێران و خستنەخوارەوەی درۆنێكی ئەمریكی لە جۆری (ئێم كیو وەن) كە لەسەر ئاوە نێودەوڵەتییەكان دەفڕی.
بەپێی راگەیەندراوەكە،فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمریكا بە خێرایی وەڵامیان داوەتەوە و توانیویانە سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئێران، وێستگەیەكی كۆنترۆڵكردنی سەر زەوی و دوو درۆنی هێرشبەر لەناو ببەن كەمەترسی بوون بۆ سەر كەشتییە بازرگانییەكانی ناوچەكە.لە راگەیەندراوەكەدا تەئكید لەوە كراوەتەوە هیچ سەربازێكی ئەمریكی لەو هێرشانەدا زیانی پێ نەگەیشتووەو، سەرەڕای هەبوونی ئاگربەست، ئەوان بەردەوام دەبن لە پاراستنی بەرژەوەندی و سەربازەكانیان لە بەرامبەر هەر هێرشێكی بێ پاساوی ئێران.
هاوكات سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، بنكەیەكی سەربازیی هێزەكانی ئەمریكایان كردووەتە ئامانج، كە بۆ هێرشكردنە سەر خاكی ئێران بەكارهێنراوە.
لە راگەیەندراوێكی سوپای پاسداران كە لە تەلەفزیۆنی رەسمی ئێران و میدیاكانی تری وڵاتەكە بڵاوكرایەوە، ئاماژە بە شوێنی وردی ئەو بنكە سەربازییە نەكراوە كە كراوەتە ئامانج.بەڵام سوپای كوەیت رایگەیاند، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەكەیان رووبەڕووی هێرشێكی درۆنی و مووشەكی بووەتەوە.