ئۆجەلان: كورد دەیەوێت لە خاوەندارێتی كۆماری توركیا رۆڵی هەبێت

کوردستان 01:15 PM - 2026/11/23

وەفدی ئیمراڵی ( دەم پارتی)ی ناوەڕۆكی دیدارەكەیان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان بڵاوكردەوە و رایانگەیاند، ئۆجەلان گواستراوەتەوە بۆ شوێنێكی نوێ لە زیندان و تەئكید لەوە دەكاتەوە كە كورد خوازیاری كۆمارێكی دیموكراتییە.

وەفدی ئیمراڵیی (پارتی یەكسانی و دیموكراسیی گەلان دەم پارتی) كە پێكهاتبوون لە پەروین بوڵدان، میدحەت سانجار و فایەق ئۆزگور ئێرۆل، دوای دیدارەكەی دوێنێیان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، بەیاننامەیەكی نووسراویان بۆ ڕای گشتی بڵاوكردەوە.وەفدی  دەم پارتی ئاماژەی بەوە كردووە ، لە سەردانەكەیاندا لە 22ی تشرینی دووەم، تێبینیی ئەوەیان كردووە كە عەبدوڵا ئۆجەلان گواستراوەتەوە بۆ شوێنێكی نوێ كە لە ناو كۆمەڵگەی زیندانی ئیمراڵیدا دروست كراوە، ئەمەشیان لە ڕووی هەلومەرجی كار و ژیانەوە بە پێشهاتێكی ئەرێنی هەڵسەنگاندووە.

وەفدەكە تەئكیدی كردووەتەوە كە پێویستە دەرفەتی پەیوەندیكردن بڕەخسێنرێت تا ئۆجەلان بتوانێت كارە گەورە دووساڵییەكەی سەبارەت بە پێكەوەژیان و ئاشتیی مێژوویی تورك و كورد راستەوخۆ بە راگەیاندن و رای گشتی بگەیەنێت، هەروەها یاسا چوارچێوەییەكان و زەمینەی یاسایی بۆ قۆناغی ئێستای پرۆسەی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتی بخرێنە بواری جێبەجێكردنەوە، كە ئۆجەلان وەك ڕێكخەری ئاشتی و بەسیاسیكردن بەردەوام دەبێت لە قووڵكردنەوەی كارەكانی.

هاوكات ئۆجەلان رایگەیاندووە ،لە بەردەم قۆناغێكی كرداریی بەهێزدان كە لە مێژووی توركیادا دەبێتە خاڵی وەرچەرخان، بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغەش پێویستە بە هەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ مەترسی و هەوڵە تێكدەرەكان بكرێت.

ئۆجەلان پرسی كوردی وەك پرسی دیموكراسی پێناسە كردووە و ئاماژەی بەوە داوە ،هەوڵدان بۆ چارەسەركردنی لە بەرژەوەندیی هەموو چین و توێژەكانی توركیادایە و تەنها دژی عەقڵییەتی رەگەزپەرستی و كودەتاچییەكانە.

هاوگكات تەئكیدیشی كردووەتەوە لەوەی،كورد لایەنگری ئاشتی، برایەتی و خاوەندارێتیكردنی كۆمارە، بەڵام بەشداریی كورد تەنها لە زەمینەیەكی دیموكراتیی پارێزراودا دێتە دی كە دان بە هەموو ناسنامەكاندا بنێت و كورد وەك پێكهاتەیەكی دامەزرێنەری ڕەسەن بە یاسا بپارێزێت، بەمەش توركیا دەبێتە نموونە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

ئۆجەلان رەخنەی لەوە گرتووە كە لە بەرامبەر ئەم ئامانجە گەورانەدا، هێشتا مردن لە زیندانەكان، دواخستنی ئازادكردن و جیاكاری لە مامەڵەی زیندانەكاندا هەیە و ئەمانەی بە هاندان دژی پرۆسەكە ناوبردووە.هاوكات لە كۆتاییدا دووپاتی كردووەتەوە كە بونیادنانی كۆمەڵگەیەكی دیموكراتی گەرەنتیی داهاتوویەكی ئازاد و یەكسانە بۆ هەموو گەلان و باوەڕە جیاوازەكانی ناو توركیا. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو