عیراق بە داشكاندنی 37 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك نەوتی بەسرە دەفرۆشێت و رۆژانە 570 هەزار بەرمیل نەوت دەگەیەنێتە بەندەری جەیهانی توركیا .
پێش جەنگی ئیسرائیل و ئەمریكا بەرامبەر ئێران، كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عێراق(سۆمۆ) راستەوخۆ نەوتی خاوی بەنرخی رۆژ بەكۆمپانیاكانی وڵاتان دەفرۆشت، بەڵام بەردەوامیی جەنگەكە و داخستن و سنوورداربوونی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هوورمز، عیراقی ناچاركرد ڕێگەی تر بدۆزێتەوە بۆ فرۆشتنی نەوتەكەی ، یەكێك لە ڕێگاكانیش، هەناردەی نەوتە بۆ بەندەری جەیهان لە توركیا.عەلی زەیدی، سەرۆكوەزیرانی عیراق 30ـی تەمموزی ئەمساڵ سەردانی توركیای كرد و ڕێككەوتنێكی ئیمزاكرد، تا هەناردەی نەوتی خاو لە بەندەری جەیهان بگەیەنێتە یەك ملیۆن بەرمیل.
پاشان لە 2ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ، وەزیرانی نەوتی عیراق و توركیا كۆبوونەوە و ڕێككەوتن رۆژانە 750 هەزار بەرمیل نەوت لە عیراقەوە هەناردەی بەندەری جیهان بكرێت.باجی گواستنەوەی هەر بەرمیلێكیش بە دۆلارێك و 62 سەنت دیاریكرا، ڕێككەوتنەكە بەو جۆرەیە ئەگەر یەك بەرمیلیش هەناردە نەكرێت، عیراق دەبێت ئەو تێچووە بداتە توركیا.
عیراق بۆ ئەوەی هەناردەی نەوت بگەیەنێتە 750 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە، لەگەڵ كۆمپانیا خۆماڵییەكان رێككەوتنی كردووە بۆ فرۆشتنی نەوتی بەسرە بە نرخی داشكێنراو، كە هەر بەرمیلێك 37 دۆلارە، نەوتەكە بەتانكەر لە بەسڕەوە دەگوازرێتەوە بۆ كۆگاكانی كۆمپانیای نەوتی باكوور و خورمەڵە و لەوێوە هەناردەی توركیا دەكرێت.وەزارەتی نەوتی عیراق و بەتایبەت كۆمپانیای سۆمۆ تەنیا كارە لۆجستییەكان دەكات.
كۆمپانیاكانیش مانگانە لەگەڵ وەزارەتی نەوت پاكتاوی دارایی نێوانیان دەكەن، ئەو دوو كۆمپانیایە لەبری پێدانی پارە، نەوتی خاو لە پاڵاوگەكانی بازیان و كەورگۆسك بۆ حكومەتی عیراقی دەپاڵێون و بەرهەمە نەوتییەكانی دەدەنەوە بە عیراق.سەرچاوەیەك لە كۆمپانیای نەوتی باكوور ئاماژەی بەوەكردووە، هەرێمی كوردستان ئێستا رۆژانە 210 هەزار بەرمیل نەوتی خاو بۆ بەندەری جەیهان دەگوازێتەوە، داوایان لێكراوە بەرهەمهێنانی نەوت زیاد بكەن، هاوكات داوایان لێكراوە كۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجی كە رۆژانە زیاتر لە 80 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت و لەناو ڕێككەوتنی سێ قۆڵیی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و وەزارەتی نەوتی عیراق و كۆمپانیاكان نییە، بچێتە ڕێككەوتنەكەوە و ئێستا گفتوگۆكان لەسەر ئەو پرسە بەردەوامن، ئەگەر ڕێككەوتنەكە بكرێت، هەرێمی كوردستان لە سەرەتای ساڵی نوێ دەتوانێت 300 هەزار بەرمیل نەوتی خاو هەناردە بكات.
هەموو ئەو نەوتەی رۆژانە لەڕێگەی بۆریی نەوتی هەرێمی كوردستان دەگاتە بەندەری جەیهان 450 هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێكدا، كە پێكهاتووە لە 60 هەزار بەرمیل نەوتی كیڵگەكانی كەركوك، 210 هەزار بەرمیل نەوتی كێڵگەكانی هەرێمی كوردستان، 180 هەزار بەرمیل نەوتی بەسرە، چونكە 250 هەزار بەرمیلەكەی نەوتی بەسرە 70 هەزاری بۆ پاڵاوگەی كەورگۆسك دەڕوات.