نزار ئامێدی لە هەوڵی بەردەوامدام لە نێوان یەكێتی و پارتی و بەمزووانە دەگەینە ئەنجام

کوردستان 10:25 AM - 2026/11/23

نزار ئامێدی، سەرۆك كۆماری عێراق رایگەیاند: یەكێتی و پارتی دیموكرات، 50 ساڵە ئەو دو حزبە لە كوردستانی عێراقدا هەن، لە سەردەمی ئۆپۆزسیۆن و لە سەردەمی حكومەتدا لە ساڵی 1990وە تا ئێستا، ناكۆكی سیاسی لە نێوان ئەو دو حزبەدا لەم 50 ساڵەدا هەبوە و هیچ چارەسەرێكیش نییە جگە لە گفتوگۆ.

نزار ئامێدی لەمیانی چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی الشرقیە ئاماژەی بەوەكردوە، ئەمە یەكەمجارە پێكهێنانی حكومەتی هەرێم هێندە دوابكەوێت، زیاتر لە دو ساڵە، لە هەمو حكومەتەكانی پێشودا، تەنانەت لە سەردەمی سەدامیشدا كە لە كوردستان بوین، ناكۆكی هەبو بەڵام بە گفتوگۆ چارەسەر دەكران.

نزار ئامێدی دەڵێت، من داوا لە هەردو حزبەكە دەكەم بۆ گفتوگۆ و دڵنیام نە پارتی دیموكراتی كوردستان دەتوانێت حكومەتێكی هەرێمی كوردستان پێكبهێنێت كە پێی بوترێت حكومەتێكی راستەقینە و كاروباری ئەوێ بەڕێوەببات، نە یەكێتیش بەبێ پارتی دیموكرات دەتوانێت بۆیە دەبێت لێكتێگەیشتنیان هەبێت.

ئەوەشی وت، ئێستا من سەرۆك كۆماری عێراقم، بەپێی ئەو كەناڵانەی لەبەردەستمدایە مامەڵە دەكەم و هەوڵێكی زۆر دەدەم لە ڕاستیدا، هەمو ئەوانەی ئەنجامی دەدەم ڕایانناگەیەنم، بۆ ئەوەی خاڵە هاوبەشەكان بدۆزینەوە و گرێكوێرەكان بكەینەوە و لایەنەكان لە یەكتر نزیك بكەینەوە، هەوڵێكی زۆر هەیە و پێموایە بەمزوانە ئەنجامی دەبێت چونكە مەبەستەكە گەیشتنە بە ئەنجام.

سەرۆك كۆمار وتیشی: نە لەگەڵ جیاكردنەوەی بودجەم و نە لەگەڵ دابەشكردنی هەرێم، من لەگەڵ ئەوەدام گەلی عێراق، هاوڵاتی عێراقی، فەرمانبەری سادەی عێراقی لە بەسرەوە تا زاخۆ، شایستەكانی خۆی بەپێی دەستور و یاسا وەربگرێت.

لەبارەی حكومەتی نوێی عێراقەوە، سەرۆك كۆمار وتی، داوا لە هەمو لایەنەكان دەكەم پشتیوانی بكەن، ئەم حكومەتە عێراقێكی نوێ بەرهەم دەهێنێت، ئەمە دوا دەرفەتە بۆ رزگاركردنی سیستمی سیاسی عێراق، ئەگەر جارێكی دیكە لە پرسی كۆكردنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەت و پرسە ئابورییەكان و روبەڕوبونەوەی گەندەڵی شكست بهێنین، ئەوا سیستمی سیاسی هەرەس دەهێنێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو