ئەمڕۆ و سبەینێ، سی و شەشەمین لوتكەی ناتۆ بە بەشداری سەرۆك و سەرۆك وەزیرانی 32 وڵات لە ئەنكەرە بەڕێوەدەچێت. لەم لوتكەیەدا كە دوو رۆژ دەخایەنێت، باس لە جەنگی ئۆكرانیا و ئاسایشی وڵاتانی ئەندام دەكرێت.
هاوپەیمانی باكووری ئەتڵەسی كە بە كورتكراوەی ناتۆ دەناسرێت، هاوپەیمانییەكی سیاسی و سەربازی نێودەوڵەتییە. لە 4ی نیسانی 1949دا بە ئیمزاكردنی پەیمانی واشنتۆن دامەزرا. ئامانجی سەرەكی پاراستنی ئازادی و ئاسایشی وڵاتانی ئەندامە لە ڕَگەی ئامرازە سیاسی و سەربازییەكانەوە. بارەگای سەرەكی رێكخراوەكە لە شاری برۆكسلی پایتەختی بەلجیكایە.
هاوپەیمانییەكە لە 32 وڵاتی ئەندام پێكهاتووە، دوای جەنگی سارد هەریەك لە توركیا و یۆنان لە 1952 بەشدارییان كردووە، ئەڵمانیاش لە ساڵی 1955، ئیسپانیاش لە ساڵی 1982 بەشداری كردووە. سوید و فینلاند نوێترین ئەندامن كە لە ساڵانی رابردوودا بوونە ئەندام.
هەروەها لوتكەی ناتۆ، كۆبوونەوەیەكی لووتكەیی خولییە كە تێیدا سەرۆك كۆمار، سەرۆك وەزیران و سەركردە باڵاكانی وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانییەكە كۆدەبنەوە. ئەم كۆبوونەوانە وەك بەرزترین ئاستی بڕیاردانی سیاسی و ستراتیژی لەناو هاوپەیمانییەكەدا سەیر دەكرێن و چەند ئامانجێكیان هەیە لەوانە، داڕشتنی ستراتیژی نوێ، بڕیاردانی گرنگ، نیشاندانی یەكڕیزی و بەهێزی وڵاتانی ئەندام لە بەرامبەر هەڕەشە دەرەكییەكاندا.
ئەمڕۆ سێشمەممە و سبەینێ چوارشەممە، لە شاری ئەنكەرەی پایتەختی توركیا، بە بەشداری دەیان سەرۆك و سەركردەی وڵاتان، 36ەمین لوتكەی ناتۆ بەڕێوەدەچێت، لە لوتكەكەدا باس لە پرسی ئۆكرانیا، پیشەسازیی بەرگریی و ئاسایشی وڵاتانی هاوپەیمانییەكە دەكرێت.
فەرمانگەی پەیوەندییەكانی سەر بە سەرۆكایەتیی كۆماری توركیا لەوبارەیەوە بڵاویكردووەتەوە، سەرۆك و سەرۆك وەزیرانی 32 وڵاتی ئەندامی هاوپەیمانییەكە و 100 وەزیری وڵاتان بەشداری لوتكەكە دەكەن. هاوكات سەرۆكی چەند وڵاتێكی تری دەرەوەی ناتۆ و ئوسترالیا، ژاپۆن، نیوزلەندا و كۆریای باشووریش بەشدار دەبن. سەرەڕای رەخنە و نیگەرانییەكانی پێشووی لە هاوپەیمانییەكە، بڕیارە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكاش بەشداری تێدا بكات.
لەمیانی لوتكەكەدا، كۆڕبەندی پیشەسازیی بەرگرییش بەڕێوەدەچێت و دەستپێكی لوتكەكە بە وتاری مارك رووتە، سكرتێری گشتیی ناتۆ دەستپێدەكات. دوای ئەویش، جەودەت یەڵماز، جێگری سەرۆك كۆماری توركیا و یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی توركیا وتاریان دەبێت.
بڕیارە لە لوتكەكەدا جگە لە جەنگی ئۆكرانیا، باس لە ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتانی ناتۆ، پرسەكانی ناوچەكە و جیهان و پیشەسازیی بەرگریی هاوپەیمانییەكە بكرێت. بەوتەی حكومەتی توركیا، نزیكەی سێ هەزار رۆژنامەنووس رووماڵی لوتكەكە دەكەن، 56 هەزار و 288 كارمەندی ئەمنیی ئاسایشی لوتكەكە دەپارێزن، كە 639 كەسیان كارمەندی پاراستنی ئەلیكترۆنی، حەوت هەزار و 447 كەسیان جەندرمە و 48 هەزار و 841 كەسیان كارمەندی ئاسایشن. لوتكەكە لە 18 خاڵەوە و لەڕێگەی 96 كامێراوە دەگوازرێتەوە، هاوكات 100 خاڵ بۆ پەخشی راستەوخۆ دانراوە. لەناو سەرۆكایەتیی كۆماریش، هەزار و 800 شوێن بۆ رووماڵ و 40 ژوور بۆ مۆنتاژكردن دانراون.