سوپای پاسدارانی ئێران ئاماری هێرشەكانی 15 رۆژی رابردووی بۆ سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا بڵاوكردەوە، تێیدا ئاماژە بە تێكشكاندنی 11 فڕۆكەی جەنگی، هێلیكۆپتەر و سیستمەكانی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆت دەكات، بە وتەی سوپا لە ئەنجامی هێرشە مووشەكی و درۆنییەكان زیانی گەورە بەو هێزانەی ئەمریكا كەوتووە.
سەرداری موحیبی، وتەبێژی سوپای پاسداران لە راگەیەندراوێكدا ئاماری زیانەكانی ئەمریكای لە ماوەی 15 رۆژی جەنگدا بەدیاریكراوی لە 8 بۆ 23ـی تەممووز خستەڕوو.
موحیبی لەبارەی هێرشە مووشەكی و درۆنییەكانیانەوە دەڵێت، لە ئەنجامی هێرشەكانیان بۆ سەر بنكەكانی ئەمریكا لە ناوچەكەدا، 11 فڕۆكەی جەنگی و هێلیكۆپتەریان لەگەڵ 17 درۆن لەناوبردووە.
وتەبێژی سوپای پاسداران دەشڵێت، هەر لەو ماوەیەدا 6 سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە جۆری پاتریۆت و 3 راداری چاودێریی ئاسمانی و دەریایی لەگەڵ چەند جۆرێكی تری راداری بەرگری و چاودێری لە بنكەكانی ئەمریكا لە ناوچەكەدا لەناوبراون.