بەهۆی ئاگركەوتنەوەوە 250 هەزار كەس لەفەڕەنساو ئیسپانیا ماڵەكانیان جێهێشتووە

عیراق 11:59 AM - 2026/07/26

 شەپۆلێكی بەهێزی ئاگركەوتنەوە دارستانەكانی ناوەڕاستی ئیسپانیا و باشووری فەرەنسا دەسوتێنێت و بەهۆیەوە نزیكەی 250 هەزار كەس لە هەردوو وڵات بە ناچاری ماڵەكانیان جێهێشتووە.

ئیزابێل دیاز ئایوسۆ، سەرۆكی حكوومەتی مەدرید، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، وڵاتەكەی رووبەڕووی دۆخێكی نائاسایی بێپێشێنە بووەتەوە. بە وتەی ئایوسۆ، تەنها لە دەوروبەری مەدرید 10 شارۆچكە بە تەواوی چۆڵكراون، كە دیارترینیان "كادالسۆ دی لۆس ڤیدریۆس" و "رۆزاس دی بوێرتۆ ریال"ن. سەرۆكی حكوومەتی مەدرید هۆشداریشی دا كە بەهۆی بەردەوامیی شەپۆلی گەرماوە، پێدەچێت لە سەعاتەكانی داهاتوودا دۆخەكە ئاڵۆزتر و مەترسیدارتر بێت.

هاوكات لە فەرەنسا، تەوژمی ئاگرەكە گەیشتووەتە كەناراوەكانی زەریای ئەتڵەسی. دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە فەرمانی چۆڵكردنیان بۆ ناوچەیەكی بەرفراوان دەركردووە و تاوەكو ئێستا زیاتر لە 167 هەزار كەس لە ناوچەی "جیرۆند" و 31 هەزار كەسی دیكە لە "لاند" ماڵەكانیان جێهێشتووە.

شارەزایانی كەشوهەوا، ئەو كارەساتە ژینگەییە بۆ گۆڕانی كەشوهەوا و ئەو شەپۆلە گەرما پێوانەییە دەگەڕێننەوە كە ئەوروپای گرتووەتەوە. دوای زستانێكی پڕباران، گژوگیایەكی زۆر لە دارستانەكان روواون، بەڵام وشكەساڵیی و گەرمای توند ئەو رووەكانەی كردووەتە سووتەمەنییەكی خێرا بۆ گەشەسەندنی بڵێسەی ئاگرەكە. ئێستا تیمەكانی ئاگركوژێنەوە لە ململانێیەكی تونددان لەگەڵ كات و چاوەڕوانی باشبوونی كەشوهەوا دەكەن بۆ ئەوەی رێگری لە تەشەنەكردنی زیاتری ئاگرەكە بكەن.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەكو ئێستا، ئاگر رووبەری 130 هەزار هێكتار زەوی لە ئیسپانیا كردووەتە خۆڵەمێش. ئەوە لە كاتێكدایە ساڵی 2025 بە "خراپترین ساڵ" لە مێژووی نوێی ئەو وڵاتە دادەنرێت، كاتێك ئاگرەكان رووبەری زیاتر لە 393 هەزار هێكتار زەوییان سووتاند.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو