دەستپاكی عیراق: دەستبەسەر 13 موڵك و 243 مامەڵەی قەرزی ساختەدا گیرا

عیراق 02:48 PM - 2026/07/26

دەستەی دەستپاكی عیراق، تۆڕێكی گەورەی ساختەكاری لە دیوانییە هەڵوەشاندەوە كە تێیدا فەرمانبەر و پارێزەران تێوەگلاون.

دەستەی دەستپاكی عیراق  لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە،توانراوە لە پارێزگای دیوانییە تۆڕێكی مەترسیداری ساختەكاری ئاشكرا بكرێت و هەڵبوەشێنرێتەوە. ئەم تۆڕە لە فەرمانبەرانی شارەوانی، باری شارستانی، پاسپۆرت و پارێزەران پێكهاتوون. ئەندامانی ئەم تۆڕە كاریان یاریكردن بووە بە مامەڵە رەسمییەكان بە مەبەستی دەستبەسەرداگرتنی داهاتی گشتی و وەرگرتنی پارچە زەوی و پێشینەی نایاسایی.

لە ئەنجامی ئۆپراسیۆنەكەدا، 13 تۆمەتبار دەستگیركراون كە 243 مامەڵەی وەرگرتنی قەرزی نایاساییان لە 12 بانكی حكومیدا ئەنجامداوە. تۆمەتبارەكان لە ڕێگەی پاڵپشتیی ساختە و گەرەنتیی نایاساییەوە توانیویانە پارە لە بانكەكان وەربگرن. دەستپاكی دەڵێت كۆی گشتی ئەو موڵك و قەرزانەی لەم دۆسیەیەدا مامەڵەیان پێوە كراوە گەیشتووەتە زیاتر لە چوار ملیار دینار.

لێكۆڵینەوەكان دەریانخستووە، 13 پارچە زەوی بەشێوەیەكی نایاسایی بەكەسانێكی ناشایستە دراون. تیمەكەی دەستپاكی دەستی بەسەر زیاتر لە 600 پاڵپشتیی نیشتەجێبوون و سوورەت قەیدی ساختەدا گرتووە. تۆمەتبارەكان تەنانەت پێناسی باری كەسیی ساختەیان بۆ كەسانی زیندوو و مردوو درووست كردووە و ڤیزای ئەلیكترۆنیی ساختەشیان بۆ وڵاتان دەركردووە.

تۆمەتبارەكان نووسراوە ساختەكانیان پێشكەشی دادگاكان كردووە و دەستیان بەسەر مافی كەسانی تردا گرتووە لە دەزگای شەهیدان، خانەنشینی، لیژنەی ماددەی 140 و ڕێكخراوی چاودێریی كۆمەڵایەتی. هەروەها توانراوە دەست بەسەر كۆی گشتی هەزار نووسراوی جۆراوجۆری ساختەدا بگیرێت كە لەم فەرمانگە حكومییانەدا بۆ كاری نایاسایی بەكارهێنراون.

بە بڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوە لە دیوانییە، سەرجەم ئەو موڵكانەی مامەڵەیان پێوە كراوە، حجزكراون و مامەڵەكردن پێیانەوە راگیراوە. تۆمەتباران ئێستا راگیراون و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت تا سەرجەم وردەكارییەكانی ئەم دۆسیە گەورەیە و لایەنە پەیوەندیدارەكانی تری ساختەكارییەكە ئاشكرا بكرێن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو