ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق دەیەمین كۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا

عیراق 10:59 AM - 2026/07/12

حكومەتی عیراق لە دەیەمین كۆبوونەوەی خۆیدا زنجیرەیەك بڕیاری بۆ ڕێكخستنەوەی كارە كارگێڕییەكان دەركرد و تێیدا دەسەڵاتی بڕیاردانی لە ئەنجوومەنە وزارییەكان وەرگرتەوە.

ئێوارەی رۆژی شەممە، دەیەمین كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق بە سەرۆكایەتیی عەلی زەیدی سەرۆكوەزیران بەڕێوەچوو. لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا بە مەبەستی ڕێكخستنی كارەكانی حكومەت، دەسەڵاتی سەرجەم ئەنجوومەنە وزارییەكان سنووردار بكرێت. بەپێی بڕیارەكە، دەسەڵاتی ئەم ئەنجوومەنانە كەمكرایەوە بۆ ئاستی پێشكەشكردنی راسپاردە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران و چیتر ناتوانن بە شێوەیەكی سەربەخۆ بڕیار بدەن.

لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا، ئەنجوومەنی وەزیران پلانی كشتوكاڵی هاوینی بۆ وەرزی 2026 پەسەند كرد. ئەم پلانە سەرجەم پارێزگاكانی عیراق دەگرێتەوە، جگە لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان. ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵەكانی حكومەتدایە بۆ ڕێكخستنەوەی كەرتی كشتوكاڵ و دابینكردنی پێداویستییەكانی جووتیاران بۆ وەرزی داهاتوو.هەر لە كۆبوونەوەكەدا،ئەنجوومەنی وەزیران دەنگیدا لەسەر پەسەندكردنی ئاڵوگۆڕی ژمارەیەك لە بەڕێوەبەری فەرمانگە تەندروستییەكان لە پارێزگاكان.

هەروەها دەسەڵاتی تەواو بە سەرۆكوەزیران درا كە بتوانێت بە خول، گواستنەوە و گۆڕین، بەڕێوەبەرە گشتییەكان و پلە هاوتاكانیان لە سەرجەم دامودەزگاكانی حكومەتدا دەستنیشان بكات، ئەمەش لەسەر پێشنیاری وەزیرەكان یان سەرۆكی ئەو فەرمانگانەی پەیوەست نین بە وەزارەتەكانەوە.لە چوارچێوەی چاكسازیی دارایی و كارگێڕیدا، ئەنجوومەنی وەزیران پێدانی مۆڵەتی وەبەرهێنانی بۆ پڕۆژەی نیشتەجێبوونی بیسان لە پارێزگای نەینەوا رەتكردەوە.

هەروەها بڕیاردرا بەدواداچوون بۆ ئەگەری گواستنەوەی خاوەندارێتیی زەوییەكە بۆ سەر وەزارەتی دارایی بكرێت. هاوكات، ڕەزامەندی درا لەسەر لێخۆشبوونی پڕۆژەكانی ئاوەدانكردنەوەی چەند مەزارگەیەكی ئایینی لە پارێزگاكانی نەجەف، كەربەلا و دیالە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو