بەردەوامی شەپۆلی گەرما بووەتە هۆی ئەوەی زیاتر لە 10 هەزار كەس لە ئەوروپا گیان لەدەستبدەن كە زۆربەیان كەسانی بەساڵاچوون.
روانگەی كۆپەرنیكۆس بۆ گۆڕانی كەشوهەوای سەر بە یەكێتیی ئەوروپا ئاشكرایكردووە، بەپێی ئامارە رەسمیەكان، لە كۆتایی مانگی حوزەیرانی رابردوودا بەهۆی شەپۆلێكی گەرمای پێوانەیی كە رۆژئاوای كیشوەری ئەوروپای گرتەوە، زیاتر لە 10 هەزار كەس گیانیان لەدەستداوە.
راشیگەیاند، زیاتر لە نۆ هەزار كەس لەوانەی گیانیان لەدەستداوە تەمەنیان لە 65 ساڵ زیاتر بووە، چونكە گەرما بۆتە هۆی جەڵتە و تێكچوونی باری تەندروستی ئەو كەسانەی نەخۆشیی دڵ، دەمار و كۆئەندامی هەناسەدانیان هەیە.
شارەزایانی بواری كەشوهەوا ئاماژەیان بەوەكردووە، ئەو شەپۆلە گەرمایە، كە لە نێوان 20 بۆ 28ی حوزەیران بەردەوام بوو، بە توندترین شەپۆل لە مێژووی ئەوروپادا دادەنرێت، ئەو دۆخە جگە لە زیانی گیانی، بووەتە هۆی تێكدانی سیستمی بەرهەمهێنانی كارەبا، زیانگەیاندن بە ژێرخانەكان و دروستكردنی فشارێكی زۆر لەسەر كەرتی تەندروستی.