وەفدێكی باڵای عیراق بە سەرۆكایەتی عەلی فالح زەیدی، سەرۆك وەزیران، بە سەردانێكی رەسمی گەیشتە توركیا، دوای ئەوەی زەیدی لە ئەنكەرە تاجە گوڵینەی لەسەر گۆڕی ئەتاتورك دانا، لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا كۆبووەوە.
لەبارەی ئامانجی سەردانەكەوە، حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حكومەتی عیراق رایگەیاندووە، لە سەردانەیەكیدا بۆ ئەنكەرە، وەفدی عیراق لەبارەی دۆسییەكانی ئابووری، بازرگانی، وەبەرهێنان، ئاشایش و سەربازی لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای توركیا گفتوگۆ دەكات. هەروەها دۆخی ناوچەكە و پێشهاتە هەرێمییەكان كە گرنگی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵاتن، بەشێك دەبن لە گفتوگۆكان. وتەبێژی حكومەتی عیراق تەئكیدی لەوەشكردەوە كە دۆسیەی ئاو و لێكتێگەیشتنی هاوبەش لەبارەی وزە و ڕێگەی گەشەپێدان بەشێكی گرنگی ئەجێندای كۆبوونەوەكانی زەیدی دەبێت لە توركیا.
ئەم سەردانەی عەلی زەیدی بۆ ئەنكەرە، دەبێتە سێیەم سەردانی رەسمی ناوبراو لەم مانگەدا دوای هەریەكە لە واشنتۆن و تاران؛ لە 13ی ئەم مانگە زەیدی سەردانی ئەمریكای كرد و 48 رێككەوتننامە و لێكتێگەیشتنی ئیمزاكرد. هەروەها لە 23ی مانگ سەردانی ئێرانی كرد و تێیدا رێككەوتنامەیەك و 3 یاداشتنامەی ئیمزاكرد. بۆیە چاوەڕێ دەكرێت لە ماوەی داهاتوودا چەند رێككەوتن و لێكتێگەیشتنێكی هاوبەشی نوێ لەنێوان بەغداد و ئەنكەرە لەبارەی دۆسیەكانی ئاو، هەناردەكردنەوەی نەوت، ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئاسایش، ئیمزا بكرێت.
دوای كۆتاییهاتنی گەشتەكەی بۆ توركیا، سەرۆك وەزیرانی عیراق رۆژی پێنجشەممە روو لە سعودیە دەكات. لەوێ لەگەڵ شازادەی جێنشین و لێپرسراوانی باڵای ئەو وڵاتە كۆدەبێتەوە. تەوەری سەرەكیی گفتوگۆكانیش بریتی دەبێت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان بەغداد و ریاز لە ئاستە جیاوازەكاندا.
ئەم هەنگاوانەی سەرۆك وەزیرانی عیراق وەك هەوڵێك بۆ بەهێزكردنی پێگەی ئابووری و سیاسیی عیراق لە ناوچەكەدا دەبینرێت. لە نوێترین وتاریدا كە لە ئاژانسی ئەنادۆڵ-ی توركیا بڵاوكراوەتەوە، عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عیراق، تەئكید لە گۆڕینی پەیوەندییەكانی نێوان عیراق و توركیا دەكاتەوە بۆ هاوبەشییەكی ستراتیژیی ئابووری، بەتایبەت لەڕێگەی پڕۆژەی "رێگای گەشەپێدان" كە ناوچەكە دەكاتە ئەڵقەی بەستنەوەی بازرگانی جیهانی. هەروەها ئاماژە بە پێویستی بەڕێوەبردنی هاوبەشی دۆسیەی ئاو و ئاسایش لەنێوان هەردوو وڵاتی دراوسێ دەكات بۆ مسۆگەركردنی سەقامگیری و گەشەسەندنی ناوچەیی.