مقاوەمەی ئیسلامی لە عیراق بۆ سعودیە: واتان لێدەكەین پەنجەی پەشیمانی بگەزن

عیراق 02:34 PM - 2026/07/28

 مقاوەمەی ئیسلامی لە عیراق وەڵامی تۆمەتەكانی وەزارەتی بەرگریی سعودیە دەداتەوە و هۆشداریی توند دەداتە ریاز لە ئەنجامدانی هەر جۆرە هێرشێك بۆ سەر بنكە و بارەگاكانیان لە ناوخۆی عیراقدا.

لە راگەیەندراوێكی رەسمیدا بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عیراق، سەرجەم ئەو تۆمەتانەی رەتكردەوە كە لەلایەن سعودییەوە ئاراستەیان كراوە لەبارەی هێرشكردنە سەر دامەزراوە نەوتییەكانی ئەو وڵاتە. هەروەها ئاماژەی بەوە كردووە، سعودیە بەردەوامە لە بەخشینەوەی تۆمەتی بێ بنەما بۆ سەر عیراق و ئەوەش بە نیشانەی بەردەوامیی دوژمنكارییەكانی ئەو وڵاتە بەرامبەر گەلی عیراق وەسف دەكات. بەرەی مقاوەمە پێی وایە ئەو تۆمەتانەی سعودیە تەنها هەوڵێكن بۆ دۆزینەوەی پاساو بۆ ئەو هێرشانەی لە ناوخۆی یەمەنەوە ئاراستەی ژێرخانە ستراتیجییەكانی سعودیە دەكرێن.

مقاوەمەی ئیسلامی لە عیراق ئەوەشی راگەیاندووە، ڕیاز بەهۆی ترسی لە وەڵامدانەوەكانی داهاتووی یەمەن، دەیەوێت سەرنجەكان بەرەو لایەنی تر رابكێشێت و شكستی سیستەمە بەرگرییەكانی خۆی پەردەپۆش بكات. گرووپە چەكدارەكانی مقاوەمە هۆشدارییەكی توندیان ئاراستەی لێپرسراوانی سعودیە كردووە و رایانگەیاندووە، هەر كاردانەوەیەكی "گەمژانە" بەرامبەر ئەوان بكرێت، وەڵامێكی زۆر توندیان دەبێت.

لە راگەیەندراوەكەدا تەئكید لەوە كراوەتەوە كە ئەگەر هێرش بكرێتە سەریان، وایان لێ دەكەن "پەنجەی پەشیمانی بگەزن" و باجێكی قورس بدەن. پێشتر وەزارەتی بەرگریی سعودیە گرووپەكانی نزیك لە ئێرانی لە عیراق تۆمەتبار كرد بەوەی لە ڕێگەی درۆنەوە هێرشیان كردووەتە سەر دامەزراوە نەوتییەكانیان.

لە بەرامبەردا، عەلی زەیدی، سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عیراق، فەرمانی بە هێزە ئەمنییەكان كردووە لێكۆڵینەوەیەكی ورد بكەن و هەر كەس و لایەنێك لە پشت ئەو هێرشانەوە بێت، سزای یاسایی بدەن.



بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو