لەبارەی ئەو بارهەڵگرانەی لەسەرشەقامەكان دوكەلێ رەش بڵاودەكەنەوە بڕیاردرا وتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێم داوایەك ئاراستەی هاووڵاتیان دەكات و دەڵێت، ئەگەر لەسەر شەقامەكان بارهەڵگری دوو تۆنیتان بینی دووكەڵی ڕەشی دەركرد ڤیدیۆكانیان بنێرن و بە هەماهەنگیی لەگەڵ هاتوچۆی شارەكان سزادەدرێن.
د. سەنعان عەبدوڵا، وتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند، هاووڵاتییان ئەگەر لەسەر شەقامەكان بارهەڵگری دوو تۆنیان بەدیكرد كە دووكەڵی ڕەشی دەركرد، دەتوانن پەیوەندی بە فەرمانگەی ژینگەی شارەكانیان بكەن و ڤیدیۆ یان وێنەی ئەو بارهەڵگرانەیان بۆ بنێرن كە ژینگە و هەوا پیس دەكەن، تاوەكو بە هەماهەنگیی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی ئەو شارە، سزای ئەو شۆفێرە بدرێت كە پێشێلكاری ئەنجامداوە.
وتیشی، ئێمە ڕێنمایی ژمارە 2ـی ساڵی 2021مان هەیە كە تایبەتە بە پرسی كوالێتی هەوا، لەو چوارچێوەیەدا بە نووسراوی ڕەسمی داوامان كردووە ئەو كێشەیە چارەسەربكرێت.
پرسی ژینگە یەكێكە لەو پرسە گرنگانەی كە لەسەر ئاستی جیهان و ناوچەكەش گرنگییەكی زۆری پێدەدرێت و پیسبوونی ژینگە بەهەرهۆكارێك بێت، وەك مەترسییەكی گەورە بۆسەر مرۆڤایەتی ناودەهێندرێت.